راپۆرتی شیکاری - ئاماریی نزیک بە ٥٠٠ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەکوردستان (پاییزی ١٣٩٢)

20:40 - 4 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەراپۆرتێکی شیکاری ئاماریدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەداتەوە.

ئەم راپۆرتە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە تەنیا بەشیوەی ژمارە و رێژەی سەدی دەخرێتەڕوو.

خشتەی (١)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (پاییزی ١٣٩٢)
\"17579.jpg\"


بەپێی خشتەی (١) دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد بە ١٧٦ حاڵەتەوە لەم خشتەیەدا خراوەتەڕوو کەلەکۆی ئەو رێژەیە ٨٠ کەسیان هاووڵاتییانی یارسانی بوون کە لە کاتێکدا کە بڕیار بوو لەبەر دەم مەجلیسی ئێران کۆببنەوەی ناڕەزایەتی پێک بێنن، لە شەقام و ناو مێترۆ و شوێنە گشتییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەتاران دەستبەسەر کران.

هەر لەو پەیوەندییەدا ٣ هاووڵاتیی یارسانی بەهۆی سووکایەتی کردنی هێزە ئەمنییەکان بە ئایینی یارسانی ئاگرییان لەجەستەی خۆیان بەردابوو.

هەروەها ١٥ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە ئەو هاوولاتییانە بوون کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دانانی بنکەی بەسیج لە گوندەکەیان دەسبەسەر کراون و ١٠ کەسی دیکەش دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لەشاری بانە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەتەوە. حاڵەتەکانی دیکەش ئەو کەسانەن کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و هۆکار، شوێنی دەستبەسەر کران و چارە نووسیان ناڕوونە. ئەمەش لە حاڵێک دایە کە بەپێی بەندەکانی ٤ و ٥ی یاسای رێزدانان بە ئازادیی بێ ئەملاو ئەولای و پاراستنی مافی هاووڵاتی بوون \"پێویستە بەپێی رێساکانی ئیسلامی لەگەڵ تۆمەتباراندا هەڵسوکەوت بکرێت و پاش دەستبەسەر کران پەروەندەکەیان رادەستی بەرپرسانی دادوەری بکرێت و بنەماڵەی دەستبەسەر کراوانیش ئاگادار بکرێنەوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی ٩ کەس لەو دەستبەسەر کراوانەدا، چوونەتە ماڵەکانیان و کەلوپەلەکانیشیان زەوت کردوون، هاوکات ٢ کەسی دیکەشیان لەلایەن ئەو هیزانەوە دراونەتە بەر لیدان و سووکایەتییان پێکراوە.

بەپێی ماددەی ٢٤ی یاسای پێڕاگەیشتن بە تاوان، پێویستە پشکنینی خانووبەرە و ماڵی هاووڵاتییان لەسەر ئیزنی لێپرسراوانی دەزگای دادوەری بێت، هەر چەند دەبێ راپۆرتی رەوتی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن لێپرسراوانی دەزگای قەزاییەوە رادەستی دادوەر کرابێت.

هەروەها بەپێی بەندی ٦ی یاسای ریزدانان بۆ ئازادیی تاک و پاراستنی مافی هاووڵاتی بوون، هر جۆرە ئەزیەت کردن و سووکایەتی پێکردن بە تۆمەتباران لە رەوتی دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوەدا قەدەغە کراوە.

کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی، کەسانێک لەخۆ دەگرێت کە لەنێوان جاددەی شارەکاندا و تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و چەند کەسیش بەهۆی راوەدوونانی هێزە نیزامییەکانەوە ماشینەکانیان وەرگەڕاوە و گیانیان لەدەست داوە.

خشتەی (٢)
پەیوەندیی نێوان حاڵەتەکانی پیشێلکاریی مافی و بواری کار کردنی و حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی مەدەنی دەخاتەڕوو (پاییزی ١٣٩٢)

\"17580.jpg\"


بەپێی خشتەی (٢) پێشێلکاری دەرهەق بە چاڵاکانی سیاسی، فەرهەنگی و کرێکاریی وەکوو بانگهێشت و دەستبەسەر و زیندانی کردن زۆرتەین حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لەخۆ گرتووە. هەروەها بەردەوامیی راگواستنی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی نیگەرانیی دەروونیی بۆ ئەو زیندانییانە بەدواوە بووە و زۆربەیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو جۆرە هەڵسووکەوتانە مانیان لەخواردن گرتووە.

لەکۆی ٧٣ کەس مەحکووم کراو، ٩ کەسیان رۆژنامەنووس بوون کە سزای زیندانی کرانیان بۆ براوەتەوە. هەروەها ٣٩ کەسیان هونەرمەند و گۆرانیبێژ بوون کە بە تاوانی دەرکردنی بەرهەمی نایاسایی بە زیندان مەحکووم کراون، ١١ چالاکی فەرهەنگی و خوێندکاری بەهۆی چالاکی فەرهەنگییەوە لە بڵاڤۆک و چاپەمەنییەکاندا بەتاوانی ئەمنییەتی حوکم دراون.

هێڵکاریی (١)

\"17581.jpg\"


بەپێی نمووداری (١) زۆرترین ژمارەی کۆڵبەران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

هەروەها ٧ کۆڵبەریش بەهۆی هەرەسی بەفرەوە کوژراو و بریندار بوون. خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم ئامارە ئەوەیە کە مردنی کۆڵبەران بەهۆی هەرەسی بەفرەوە بەگشتی وەکوو رووداوی سروشتی سەیر دەکرێت و ناچێتە چوارچێوەی پێشێل کردنی مافی هاووڵاتییانەوە، بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین کە بەهۆی کەم داهاتی و دەستکورتییەوە کۆڵبەران لە کاتی با و بۆرانیشدا بۆ کۆڵبەری کردن روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.

هەروەها، روانگەی ئەمنییەتی و نەبوونی دەرفەتی کار و لاوازیی سەرخان و ژێر خانی ئابووری و نەبوونی کارخانە و کارگەی بەرهەمهێنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بۆتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتییانی کورد روو لە کۆڵبەری کردنی سەر سنوورەکان بکەن. بەم هۆیەوە ئەموو ئەو کەسانەی کە لەو رێگەیەدا دەبنە قوربانی لە خانەی پێشێلکردنی مافەکانیندا خۆیان دەبیننەوە.

لە تێبینیی ٣ی بەندی ١٠ لە ماددەی ٣ی یاسای بەکارهینانی چەکدا هاتووە کە مەئموورانی نیزامیی کە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانن چەک بەکار بێنن کە هیچ رێگەیەک جیا لە بەکارهێنانی چەک لەبەردەمیاندا بوونی نەبێت یان ئەوەی کە دەبێ : (ئەلف – گوللـەی هەوایی، لە پشتوێن بەرەو خوار، ج – لێدان لە سەرەوی پشتێن) لەبەر چاو بگرن. بەروەها بەپێی ماددەی ٧ ئەم یاسایە مەئمووران هەتا ئەو شێنەی کە بۆیان دەکرێ دەبێ لاقی هێرشبەر یان ئەوە کەسەی تەقەی لێ دەکەن، بپێکن و دەبێ ئاگاداری ئەوەش بن کە نەبێت هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەمە لەحالیک دایە کە نەتەنیا ئەم حاڵەتانە لەبەر چاو ناگیردرێت بەڵکوو \"ئەحمەد گراوەند\" جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندبوو، ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.

هەروەها بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەرچی کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ئەندازەیە کەمتر کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنی اکەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.

بەردەوامیی کوشتاری بێ بەزاییانەی ئەسپ و هێستری کۆلبەران:

لە پەنا کوشتنی کۆڵبەرانی کوردیشدا، دەبێ بابەتی تراژیدیایی کوشتنی ئەسپ و هێستری کۆڵبەران ئاماژەی پێ بکرێت. بەپێی ئاماری تۆمار کراو (سێ مانگەی پاییز) ١١ حاڵەت کوشتاری ئەسپ و هێستری بارهەڵگری کۆلبەران رووی داوە کە لە ٦ حاڵەتی تەقە کردنی هێزە ئینتزامییەکان لە کۆڵبەرانی کورددا ١٤٩ سەر ئەسپ و هێستری کۆڵبەران بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٥ حاڵەتیشیان روون نییە کە چەند سەر ئەسپ و هێستر کوژراون.
هەروەها لە حاڵەتێکیشدا ٢٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

نرخی گۆترەیی هەر هەر ئەسپ یان هێستری بارهەڵگر ٣ ملیۆن تمەن مەزندە کراوە.

هێڵکاریی (٢)

\"17582.jpg\"


بەپێی نمووداری (٢) سەرجەمی ئەو ٦٨ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە کوردە کە زۆربەیان حوکمی درێژ ماوەو سێدارەیان بۆ براوەتەوە، زۆربەشیان باری تەندرووستییان ناجێگیرە و بەرپرسانی زیندان لە چارەسەر کردن نەخۆشییەکانیان و رەوانە کردنیان بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.

زۆربەی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانەکان، تووشی نەخۆشی هاتوون و چارەسەریی پزیشکییان بۆ ناکرێت.

هێڵکاریی (٣)

\"17583.jpg\"


ئەم ئامارە رێژەییەو و تەنیا ئاماژەیەکەی بچووک بە رەوتی بەربڵاوی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکات و دەتوانێن بڵێن کە تەنیا بەهۆی بارودۆخی لەباری هێندێک لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ بە میدیایی کردنەوەی هەواڵەکان، ئەم ئامارە لەو شوینانە زیاترە، بۆیە دەکرێ لە شوێنەکانی دیکەش ئەو ئامارە بەهامن شێوەی نا زۆر زیاتر بێت.

هەروەها ٤٥ حاڵەت، ناوچە و شوێنەکانیان ناڕوونە کە ئەم حاڵەتانە تەنیا زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لەخۆ دەگرێت کە بۆ زیندان یان شوێنەکانی دیکە راگوێزراون و یان ئەوەی کە مانیان لە خواردن گرتووە کە رووماڵ کردنی هەواڵەکانیان بە شێوەی پێویست نەبووە و دەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراوە، زۆربەی زیندانیان حوکمی سێدارە یان زیندانیی درێژ ماوەیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەکارهێنانی ئەم ئامارە تەنیا بە مەرجی ئاماژە کردن بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا) رێگەپێدراوە.

تکایە بۆ رێزگرتن لە هەوڵ و ماندوو بوونی هەواڵنێرانی ئاژانسی کوردپا، لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم ئامارە ئاماژە بە سەرچاوە بکەن.