راپۆرت/تەقینەوەی مین لە گوندێکی مەریوان پێنج هاووڵاتیی کوردی کەمئەندام کردووە

21:26 - 16 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: وڵاتی ئێران، کە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هێکتار لە خاکەکەی مینڕێژ کراوە، پاش وڵاتی میسر بە دووەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرەڕای هەبوونی نزیک بە ١٣ ملیۆن لە جۆرەکانی مین و ماددەی تەقەمەنی لە خاکی پێنج ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، ئیلام، کرماشان و خوزستان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندترین شێوە لەگەڵ چالاکانی بواری مین هەڵگرتنەوە هەڵسووکەوت دەکات و مەسەلەی مین لە ژێر دەستەڵات و ئیختیاری ناوەندە حکوومییەکاندا ماوەتەوە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چواری مانگی ئاوریل (١٥ی خاکەلێوە)ی وەکوو رۆژی خەبات دژی مین و پەرەپێدانی ئاستی وشیاریی خەڵک لەمەڕ مەترسییەکانی مین، ناودێر کردووە.

دامەزرێنەری \"کانوونی بەشداریی لە خاوێن کردنەوەی مین\"دا، کە ناوەندێکی خەڵکی و سەربەخۆیە و لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ گوتوویەتی: پێشتر ستادی خاوێن کردنەوەی کێلگە مینەکان لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی ناوخۆدا بوو، بەڵام دواتر ناوەکەی بۆ ناوەندی مین هەڵگرتنەوە گۆڕدرا و راستەوخۆکەوتە ژێر دەستەڵاتی ستادی هێزە چەکدارەکان، کە لێپرسراوانی سوپای پاسداران بە بیانووی ئەمنییەتی میللی، هیچ ئامار و زانیارییەک بلاو ناکاتەوە.

شیرین عیبادی باسی لە بەرهەمهێنان و هەناردە کردنی مین لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ولاتانی عێراق، ئەفغانستان و تاجیکستان کردووە و رایگەیاندووە: \"دەوڵەتی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە دەبێ پەیماننامەی ئۆتاوا واژۆ بکات، پێویستە پاشەکەوت کردن و هەناردە کردنی مینیش رابگرێت\".

ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە چوار ئوستانی کرماشان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام و کوردستان لە خۆ دەگرێت، زۆرترین مینیان تێدا چێندراوە، کە بەپێی ماڵپەڕی مانیتۆری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەتا ئێستا ٢ هەزار و ٥١٩ هاووڵاتیی کورد و غەێرە کورد بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا بە گشتی ١٠ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماو لە کۆنە پایەگاکانی سوپای پاسداران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و ٢٨ کەسی دیکەش بەریندار و کەمئەندام بوونە.

سەرەتای مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو کچی کورد تەمەن ١٣ و ٢٠ ساڵە کە خوشکی یەکتر و خەڵکی گوندی شەریف‌ئاوای ناوچەی \"قوچی\"ی سەربە شاری ورمێ بوون، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگایەکەی سوپای پاسداران گیانیان لەدەست دا.

هەروەها رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٦ی مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنووری شاری مەریوان بۆ هەرێمی کوردستان، حەوت منداڵی ٨ هەتا ١٠ ساڵەی کورد کە (سێ کچ و چوار کوڕ) لە کاتی یاری کردندا لە نزیک کۆنە پایەگایەکی نیزامیی تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون و بەو هۆیەوە تووشی برینداری بوون و منداڵێکیان بەناوی گەشین کەریمی لاقێکی لەدەست دا.

لە رۆژانی رابردووشدا هەواڵنێرێکی کورد لە شاری مەریوان رایگەیاندبوو، کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا ٥ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی گوندی \"تووە سووران\" بەهۆی تەقینەوەی مین تووشی کەمئەندام بوون.

ناسنامەی ئەو پێنج کەسە \"گوڵ‌سێف خون نەزەر و کچی عەبدوڵڵا، ئیقباڵ رووزبێهـ، کوڕی ئەحمەد، حەسەن ئەیوازە کوڕی محەممەد، حامید کوڕی مەحموود و کەسێکی دیکەش بەناوی محەمەد خەڵکی گوندی \"کەڵە وێنجە\" راگەیاندراوە.

تەقینەوەی مین لە دەوروبەری پایەگای چۆڵکراوی ئەو گوندە لە حاڵێک دایە، کە گوندی تووە سووران لە قووڵایی شاری مەریوان‌دایە و بە مەودای ٥٠ کیلۆمیتر لە سنوورەکانەوە دوورە.

هەروەها، لەناوچوونی مەڕ و ماڵات و کوژران و برینداربوونی وەرزێڕان و کاسبکارانی کورد بە یەکێکی دیکە لە ئاسەوارەکانی مینی چێندراو لە کوردستانات دادەندرێت، کە لە دوایین حاڵەتدا ئەسپی بارهەڵگری هاووڵاتییەک بەناوی \" ساڵەی حاجی رەشی\" بەهۆی تەقینەوەی مین بە کوشت چوو.

بەکوشت چوونی ئەسپی بارهەڵگر لە گوندەکانی ناوچەکەدا وەکوو کارەسات دادەندرێت، چونکە ئەو ئەسپ و مەڕو ماڵاتە وەکوو تاقە سەرچاوەی داهاتی ئەژمار دەکرێت و نرخی ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەران لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ١٠ ملیۆن تمەن مەزندە دەکرێت.