راپۆرت/ كۆمەڵگەی جیهانی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران دەنگی هەڵبڕی

14:29 - 12 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لەپەراوێزی بیست و حەتەمین دانیشتنی دەورەیی تاوتوێ کردنی دۆخی مافی مرۆڤ، وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان(upr) لە ژنێڤ دۆخی خراپی مافی مرۆڤیان لەئێران تاوتوێ‌كرد و خوازیاری باشتر كردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەرنامەی \"بەدواداچوون\" بەشێكە لە ئەركی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە هەر چوار ساڵ جارێك لەژنێڤ بەڕێوە دەچێت و لەدانیشتنی ئەمساڵدا كە رێكەوتی ٩‌ی خەزەڵوەر(٩٣) بەڕێوەچو، تێیدا دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی چوار سالی رابردوودا هاتۆتەبەر باس.

لەدانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران گیراوە و وڵاتانی وەكوو ئەمریكا، بریتانیا، كانادا و فەڕانسە ... زۆر بە توندی پەرچەكردارییان بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشڵكردنی ئازادییەكان نیشان داوە و لە هەمبەریشدا وڵاتی سووریا پشتیوانیی خۆی لەحكوومەتی ئێران و كردەوەكانی دەربڕیوە.

پرسی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان، ژمارەی زۆری لەسێدارەدان، نەبوونی ئازادیی رادەبڕین و بەربەست دروستكردن بۆ چالاكیی حیزبەكان، دۆخی نالەباری كرێكاری و خوێندكاری و فشار خستنە سەر رۆژنامەنووسان، ئەو خاڵانە بوون كە لەدانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و لەلایەن ١٠٨ وڵاتەوە تاوتوێ‌كراوە.

لەو دانیشتنەدا شاندێكی ئێرانی بە سەرپەرستیی جەواد لاریجانی نوێنەری حكوومەتی ئێران بۆ پرسی مافی مرۆڤ بەشدار بووە و لەو باوەڕەدابووە، لەئێران كێشەیەكی ئەوتۆ لەسەر مافی مرۆڤ لە گۆڕێدا نییە و لە هەمبەر رەخنەكانی \"بەرد باران\"‌یشدا وێڕای بە باش زانینی ئەو شێوە لە سزادانە وتوویەتی: مەسەلەی بەردباران خاڵێكی زۆر هەستیارە و پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا وەكوو ئێران بە وردی هەڵیبسەنگێنن.

\"22986.jpg\"
شیرین عێبادی مافنناس و بەرپرسی كانوونی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ
شیرین عێبادی مافنناس و بەرپرسی كانوونی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لەو بارەیەوە وتوویەتی: \" دۆخی مافی مرۆڤ لە دوای دەسەڵاتی رۆحانیشەوە هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە و بەرپرسانی حكوومەتی ئێران نایانهەوێ‌لەگەڵ خەڵكی و مافی مرۆڤ هەڵبكەن\".

محەممەد جەواد لاریجانی دەبیری ستادی مافی مرۆڤ لەدەزگای قەزایی حكوومەتی ئێران وێڕای پێداگری لە یاساكانی ئەو دەزگایە باسی لەوەش كردووە، \"دەزگای قەزایی سەربەخۆیە و لە هەمبەر تاوانبارانیشدا یاسا و سزا ئیسلامیەكان جێبەجێ‌دەكات و هەروەها وتوویەتی: لەوڵاتی ئێران هیچ جیاوازییەك نیە و هەموو كەسێك بەپێی مەزهەب، رەگەز و رەنگ ئازادی تایبەتیان هەیە.

بە باوەڕی چالاكانی مافی مرۆڤ، حكوومەتی ئێران ئەوە یەكەم جاری نیە كە ئاوا \"بێ‌شەرمانە\" قسە دەكات و لەدوایین راپۆرتی ئەحمەد شەهیدا بۆمان دەردەكەوێ‌ كە رێژەی لەسێدارە و بڕینی دەستی تاوانباران دەرخەری خرابی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران دایە.

دۆخی ئاڵۆزی مافی كەمینەكان لەئێران

\"22987.jpg\"
دایان عەلایی نوێنەری كۆمەڵگەی بەهاییەكان لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان
دایان عەلایی نوێنەری كۆمەڵگەی بەهاییەكان لەو دانیشتنی (upr)‌دا بەشدار بووە و باسی لەوە كردووە كە حكوومەتی ئێران بە هیچ كام لە پەسندكراوەكانی دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠١٠ پابەند نەبووە و بەهاییەكان بەردەوام لەژێر زەخت و گوشار دان.

خانمی عەلایی سەرتاپای راپۆرتی نوێنەرانی ئێرانی لەكۆبوونەوەكەدا رەت كردۆتەوە و وتوویەتی: بێبەری كردنی بەهاییەكان، دەركردنیان لەسەر كار، داخستنی دووكانەكانیان و بێبەری كردن لە خوێندن لەئێران درێژەی هەیە.

نوێنەری كۆمەڵگەی جیهانی بەهاییەكان ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێستا زیاتر لە ١٠٠ بەهایی لەزیندانەكانی ئێران دان و تەنیاش بە تاوانی عەقیدەتی گیراون.

دۆخی ژنان بەگشتی و ژنانی سەر بە كەمیەنە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە و شوعلە زەمینی نوێنەری رێكخراوی ناحكوومی \"سودویند\" لەشۆرای مافی مرۆڤلەو بارەیەوە قسەی كردووە.

خانمی زەمینی وتوویەتی: ئەو راپۆرتەی كەحكوومەتی ئێران سەبارەت بە دۆخی ژنان پێشكەش بە \" upr\" كردووە، دوورە لە راستی و ژنان لە دۆخێكی زۆر نالەبار دان و ئاماژەی بە پژاندنی ئەسید و لەسێدارەی ژنان كردووە.

شوعلە زەمینی ئاشكرای كردووە، لەئێران یەكسانی رەگەزی بوونی نیە و وڵاتی ئێران لە نێوان ١٥٧ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٠٩‌یەمین بۆ دۆخی ژنان هەیە.

ژمارەیەكی بەرچاو لە وڵاتانی بەشدار لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤدا باسیان لە مافی كەمینەكان كردووە و لەبارەی دەستبەسەر كردنی كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

نوێنەری وڵاتانی وەكوو ئەمریكا، بریتانیا، سوید، فەرانسە، دانمارك لەو باوەڕەدابوون هەڵاواردنی فەرهەنگی لەئێران زۆر زەق و بەرچاوە و ئەو حكوومەتە تەنانەت ئامادە نیە خاڵەكانی ناو یاسای بنەڕەتیی خۆیشی جێبەجێ‌بكات و كەمینەكان مافی خوێندن بە زمانی زكماگی خۆیان نییە.

پێشنیار بۆ باشتركردن و پێداچوونەوە بە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران

سەرجەم وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەمەڕ مافی مرۆڤ لەئێران پێشنیاری تایبەتی خۆیان هەبووە و لەو نێوانەشدا ئیسپانیا سەبارەت بە ئێعدامی منداڵان و سزای بەردباران رەخنەی لە بەرپرسانی حكوومەتی ئێران گرتووە.

نوێنەرانی سوید، بریتانیا و ئەمریكا لەو باوەڕەدابوون، دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران خرابە و ئەو وڵاتە دەبێ‌لە بوارەكانی مافی بەهاییەكان، مافی كەمینەكان، ئازادی رادەربڕین و لابردنی سانسۆڕ بە خۆیدا بچێتەوە و هەروەها وڵاتی تاجیكستانیش خوازیاری باشتر كردنی مافی ژنان بووە.

مافی زندانیان و رێگەپێدان بە دیاری كردنی پارێزەر پرسێكی دیكە بووە كە وتراوە پێویستە دەوڵەتی یازدەیەم بیخاتە ناو بەرنامەی كاری خۆیەوە.

فەڕانسە، ئارژانتین، ئوسترالیا، بەحرێن، سوودان، كانادا، چێک، دانمارک و فنلاندیش لەو وڵاتانە بوون كە رەخنەیان لەكاركردی دەوڵەت بە نیسبەت مافی مرۆڤ هەبووە و جەختیان لە نوێنەرانی حكوومەتی ئێران كردۆتەوە كە دەبێ‌پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەكان بۆ مافی مرۆڤ ببن.