راپۆرت/ کێشەی دیاریکردنی بەرپرسی شارەوانییەکانی بۆکان و پاوە

15:21 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوای تێپەڕینی نزیک بە ٧ مانگ لە هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان، هێشتا شارەوانیی شارەکانی بۆکان و پاوە بەبێ‌لێپرسراوی فەرمیی ئیدارە دەکرێ‌و کێشەکانی شۆرای شاری بۆکان تێکهەڵچوونی زارەکیشی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا سێ‌کەس وەکوو بەرپرسی شارەوانیی بۆکان دیاریکراوە و هەر سێ‌کەسەکە بە دەستێوەردان و دروستبوونی ناڕەزایەتی یان لە پۆستەکانیان دەستیان هەڵگرتووە، یان دەنگی متمانەیان پێنەدراوە.

\"سولێمان مام عەزیزی\" یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ئیبراهیم کەریمی شارەداری پێشووی شاری مەهاباد و تاهیر مەردانی ئەو سێ‌کەسە بوون، کە وەکوو بەرپرسی شارەوانی لە شۆرای شاری بۆکان دەنگیان لەسەر درابوو و دواتر هیچ‌کام لەوانە وەکوو بەرپرسی شارەوانییەکە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە ( فەرمانداریی شاری بۆکان و ئوستانداریی) سەلاحییەتیان پێنەدرا.

چالاکێکی فەرهەنگی شاری بۆکان کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت‌بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، \"فەرمانداری شاری بۆکان دەستێوەردانی لەدیاری کردنی بەرپرسی شارەوانی دەکات و ماوەیەکیش یەکێک لە نزیکەکانی خۆی وەکوو بەرپرسی شارەوانی (وەکاڵەت) دانابوو\".

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، \"کێشەکانی دیاری کردنی بەرپرسی شارەوانی گەیشتۆتە لووتکەو لە کۆبوونەوەی چەند رۆژ لەمەوبەری ئەندامانی شۆرا و فەرمانداریی شاری بۆکان، یەکێک لەئەندامانی شۆرا بە ناوی \"سادق مام سەیدە\" بەگژ فەرمانداردا چۆتەوە و تێکهەڵچوونی زارەکی لەنێوانیاندا دروست بووە\".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا وتی:\" سادق مام سەیدە بە توندی روو لە فەرماندار قسەی کردووە و پێی وتووە، دەستێوەردانەکانی ئێوە ناهێڵێ‌ئێمە شارەدار هەڵبژێرین\".

لەحاڵی حازردا کەسێک بەناوی \"سولێمان فەیزی\" جێگری زانکۆی پەیام نووری شاری بۆکان وەکوو بەرپرسی شارەوانیی بە فەرمانداریی ئەو شارە ناسێندراوە.

دەوترێت، کە دیاریکردنی \"سولێمان فەیزی\" وەکوو بەرپرسی شارەوانی لەگەڵ دژایەتیی کەمینەی ئەندامانی شۆرا بەرەوڕوو بۆتەوە و هەروەها پێویستە دیاری کردنی شارەوانی بە تەئیدی فەرماندار و ئوستانداری بێت و هەتا ئێستا بەرپرسی شارەوانی ئەو قوناغانەی بە فەرمی نەبڕیوە.

کێشەی دیاریکردنی بەرپرسی شارەوانیی شارستانی پاوە کێشرایە دادگا

شارستانی \"پاوە\"‌ش لەئوستانی کرماشان لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە دیاریکردنی بەرپرسی شارەوانی لەنێوان شۆراکانی ئەو شارەدا، تێیدا یەکلایی نەکراوەتەوە.

پرسی دیاریکردنی لێپرسراوی شارەوانی لەو شارستانە دوای ٧ مانگ کێشەو ئاریشە، کێشراوەتە دادگا و لەنێوان ئەندامانی شۆرای شارستانی پاوەدا جیاوازییەکی زۆر هەیە.

بەوتەی کەسێکی ئاگادار دوو کەس بەناوەکانی \"ئارش رەزایی و سەلام خوسرەوی\" وەکوو بەرپرس بۆ شارەوانیی شارستانی پاوە دەسنیشان کراون، بەڵام ئەندامانی شۆرا لەسەر هیچ کامیان ساغ نەبوونەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: لەنێو ئەندامانی شۆرای شارستانی پاوەدا دوو بەرەکی دروست بووە و ئەو دوو دەستەگییە وای کردووە شارەوانیی ئەو شارستانە ماوەی ٧ مانگ بێ‌بەرپرس بمێنێتەوە.

لەحاڵی حازردا ئەو دوو بەرەیە لەئەندامانی شۆرا سکاڵەیان لەسەر یەکتر تۆمار کردووە و کێشەکانیان کێشراوەتە دادگای ئەو شارە.

هێندی شاری دیکەش وەکوو کرماشان و جوانڕۆ کێشەی دیاری کردنی بەرپرسی شارەوانیان هەبووە و تەنانەت بەشێک لەئەندامانی شۆرای شاری کرماشان ماوەیەک لەمەوبەر رایانگەیاندبوو، کە بەرپرسی تازەی شارەوانی، رەوایی نییە.