راپۆرت/ هەزار و ٥٥٠ حاڵەتی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران( ساڵی ٩٢)

19:20 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی شیکاری- ئاماریی دەپڕژێتە سەر یەک هەزار و ٥٥٠ حاڵەتی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاوییدا.

ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە پشت بەستن بە سەچاوە باوەڕپێکراو و تەنیا بەشێوەی رێژەیی بڵاو دەبێتەوە.

خشتەی(١)

حاڵەتەکانی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران(١٣٩٢)

\"18953.jpg\"

بەپێی خشتەی (١) لەساڵی ١٣٩٢دا، سەرجەم هەزار و ٥٥٠ حاڵەتی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەکوردستانی ئێران رووی داوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ٥١% چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد زۆرترین حاڵەتەکانی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤن و ئەمە لەحاڵێکدایە کە یاسای بنەڕەتی ئێران دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی قەدەغە کردووە، یاسای بنەڕەتی باس لەوە دەکات کەسی دەستبەسەرکراو دەستبەجێ‌دەبێ‌لێکۆلینەوەی لەگەڵدا بکرێ‌و هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای \"تەفهیمی اتهام(= پاش ئەوەی تاوانەکەی پێ راگەیاندرا)\" دەبێ‌ئەنجامەکەش بە شێوەی نووسراوە بە کەسی دەستبەسەرکراو رابگەیەندرێت، ئەمە لەحاڵێکدا کە بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ئاژانسی کوردپا جگە لە ٢٧٣ حاڵەت دەستبەسەرکردنی کۆڵبەر، ئەوانی دیکە، کە دەکاتە ٣٩٠ حاڵەت (٦٦%)، لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا بێ‌ئاگاداری پێشوو و تاوانەکانیشیان پێیان رانەگەیەندراوە.

لەرەوتی ئێعدام و مەحکوم کردن بە ئێعدامدا، ٣ زیندانیی سیاسیی کورد لەساڵی ١٣٩٢دا لەسێدارە دراون و هەروەها سێ‌کەسی دیکەش بە سێدارە حوکم دراون، هەروەها ١١ زیندانی عەقیدەتیش بە ئێعدام مەحکووم کراون.

لەنێوان هاووڵاتیانی مەدەنی کوژراو و بریندار بە هۆی تەقینەوەی مین، لە کۆی گشتیی ٣٨ کەس، ١١ منداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ وەبەر چاو دەکەوێ‌.

لەکۆی گشتیی ٩٦ زیندانی، کە لەزیندانەکانی ئێراندا مانیان گرتووە، ٧٢ کەسیان سیاسی و ٢٤ دیکەشیان زیندانیی مەزهەبین.

خشتەی (٢)

چوارچێوەی چالاکیی حاڵەتەکانی مافەکانی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران (١٣٩٢)

\"18938.jpg\"

زۆرترین حاڵەت (٣٧٨) کەس بووە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بەتاوانی سیاسیی ـ ئەمنیەتی دەستبەسەر کراون.

گەڵاڵەی \"تاوانی سیاسی\" کە لەمەجلیسی ئێران لەحاڵی تاوتوێ‌کردن دایە، تاوانی سیاسی بەو شێوەیە پێناسە دەکات: \"هەر کاتێک هەڵسوکەوتێک بەمەبەستی رەخنە لە ئاکاری دەسەڵات و یان پاراستنی دەسەڵات روو بدات و بێ‌ئەوەی هیچ خەسارێکی بە ئوسووڵ و بنەماکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاندبێ‌، تاوانی سیاسی ئەژمار دەکرێ‌\".

بەپێی ئاماری دەستبەسەر کراوەکان، ٨٠% کەسانی دەستبەسەرکراو، دوای قۆڵبەست کرانیان چارەنووس و شوێنی راگرتنیان نادیار بووە.

راگەیەندراوی جیهانیی بەرگری لە تاکەکان دیارنەمانی بە زۆرە ملی بە هۆکاری خۆبواردن لە لێکۆلینەوەکان لە بواری دۆزینەوەی چارەنووس لە قەڵەم ئەدات‌و لەو باوەڕەدایە ئەو تێڕوانینە بایەخەکانی کۆمەڵگە بە نیسبەت دەسەڵات، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان کەم دەکاتەوە.

لە سەتا ١٤ی حاڵەتی دەستبەسەرکردنەکاندا کەلوپەلی شەخسیی ئەو کەسانەش دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی مادەی ٢٤ لەیاسای دادرەسەی کەیفەری پشکنینی ماڵەکان، شوێن و کەلوپەلەکان پێویستە بە مۆڵەتی فەرمیی دەزگا قەزاییەکان بێت.

لە سەتا ٨٠ی ئەو حاڵەتانە لەکاتی دەستبەسەرکردندا، لەلایەن مەئموورانەوە هێرش کراوەتە سەرماڵەکانیان و یان ماڵەکانیان پشکێندراوە.

لەو نێوانەدا، ٣% لەکاتی دەستبەسەر کرانیاندا دراونەتە بەر لێدان و کوتان.

بەپێی بەندی ٦ لە مادەی یاسای رێزگرتن لە ئازادییەکان، هەر چەشنە ئازار و ئەزیەت و بە کەم‌گرتن و بێ‌رێزی کردن بە تاکەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنیان و لێکۆلینەوەدا قەدەغەیە.

خشتەی(٣)

ئەو ناوەندانەی دەستیان لەدەستبەسەر کردنی هاووڵاتیاندا هەیە

\"18939.jpg\"

لەکۆماری ئیسلامیی ئێراندا جگە لە هێزە ئینتزامییەکان وەکوو ناوەندێکی ئەرکدار، هێندێ‌سازمانی دیکەی وەکوو ئیدارەی ئیتلاعات، سپا، بەسیج و هێزە سەرەڕۆکانی ناسراو بە لیباس شەخسییەکان، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە بێ‌حوکمی قەزایی هاووڵاتییان دەستبەسەر بکەن.

خشتەی (٤)

شێوە و چۆنیەتیی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی لەناوچە کوردنشینەکان (١٣٩٢)

\"18940.jpg\"

بەپێی خشتەی(٤) زۆرترین رێژەی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژراون.

هەژاری و نەبوونی ژێربنای ئابووری، وەگەڕ نەخستنی سەرمایە لەکوردستان و روانینی ئەمنیەتی، بۆتە هۆی درووست بوونی هەژاری و بێکارییەکی زۆر بەرچاو لەکوردستان و لەو نێوەدا کۆڵبەرانی کورد، کە زیاتر تەمەنیان لەنێوان ١٣ هەتا ٦٠ ساڵ دایە، بە ناچاری کۆڵبەری دەکەن و رۆژانە لەگەڵ تەقەی هێزە نیزامییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.

حەسەن رۆحانی لە سەفەرەکانی کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بۆ ئوستانەکانی کوردستان بەڵێنیی ئەوەی دابوو، کە کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە و دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ‌دەوڵەت هەیئەتێکی تایبەت بۆ ئەو پرسە دیاری دەکەم و وتبووی: بەڵێن دەدەم کێشەی بێکاری لە کوردستان کەم بکەمەوە، بەڵێنییە کە هەتا ئێستا لەچوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە و هەتا ئێستاش کۆڵبەران بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەی تەقەی هێزە چەکدارەانی حکوومەتی ئێران دان.

لە تێبینیی ٣ی بەندی ١٠ لە ماددەی ٣ی یاسای بەکارهینانی چەکدا هاتووە کە مەئموورانی نیزامیی کە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانن چەک بەکار بێنن کە هیچ رێگەیەک جیا لە بەکارهێنانی چەک لەبەردەمیاندا نەبێت یان ئەوەیکە دەبێ : (ئەلف – گوللـەی هەوایی، لە پشتوێن بەرەو خوار، ج – لێدان لە سەرەوی پشتێن) لەبەر چاو بگرن. هەروەها بەپێی ماددەی ٧ ئەم یاسایە مەئمووران هەتا ئەو شوێنەی کە بۆیان دەکرێ، دەبێ لاقی هێرشبەر یان ئەوە کەسەی تەقەی لێ دەکەن، بپێکن و دەبێ ئاگاداری ئەوەش بن کە نەبێت هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەمە لەحاڵێک دایە، کە نەتەنیا ئەم حاڵەتانە لەبەر چاو ناگیردرێت، بەڵکوو \"ئەحمەد گراوەند\" جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندبوو، ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.

هەروەها بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەرچی کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ئەندازەیە کەمترە، کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.

بەکوشت چوونی ئەسبی بارهەڵگری کاسبکاران

لە پەنا کوشتنی کۆڵبەرانی کورد-دا، دەبێ بابەتی تراژیدیایی کوشتنی ئەسپ و هێستری کۆڵبەران ئاماژەی پێ بکرێت

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەساڵی ١٣٩٢دا، ٣٢٦ سەر ئەسبی بارهەڵگر بەتەقەی هێزە نیزامیەکان بەکوشت چوون و هەروەها لە ١٠ حاڵەتی دیکەدا هێزە نیزامییەکان بە شێوەی بە کۆمەڵ ئەسبی بارهەڵگرەی کۆلبەرانیان کوشتووە.

نێوەنجی نرخی هەر ئەسپ یان هێستری بارهەڵگر ٣ ملیۆن تمەن مەزندە کراوە.

هێڵکاریی (١)

\"18941.jpg\"

ئەم ئامارە رێژەییەو و تەنیا ئاماژەیەکەی بچووک بە رەوتی بەربڵاوی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکات و دەتوانێن بڵێن کەمبوونی رێژەی ئاماری ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان تەنیا بەهۆی بارودۆخی ئەو ناوچانە بووە و دەگەڕێتەوە بۆ نالەبار بوونی ئەو دوو ئوستانە بۆ بە میدیایی کردنەوەی هەواڵەکان و هاکواتیش ناتوانین بڵێین کە سەرجەم هەواڵی ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاواو کوردستان رووماڵ کراون.

هێڵکاریی(٢)

\"18942.jpg\"

بەکارهێنانی ئەم ئامارە تەنیا بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا) رێگەپێدراوە.