راپۆرت/ لە سەدا ٥٠ی قوتابخانەکانی ئێران، بۆمبی قورمیش کراون

14:32 - 6 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ساڵی نوێی خوێندن لە کاتێکدا دەستی پێکردووە، کە لەسەدا ٥٠ی قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە لە قوڕ و خشت دروست کراون و خودی بەرپرسانی حکوومەتی ئەو قوتابخانانەیان بە بۆمبی قورمیش کراو، شوبهاندووە.

ماددەی ٣ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دابین کردنی هەلومەرج و دۆخی شیاوی خوێندنی بۆ تەواوی ئاستەکانی تەمەن، بە یەکێک لە ١٦ ئەرکەکەی دەوڵەت لە قەڵەم ئەدات.

لە کاتێکدا بەردەوام پێداگری لەسەر ئەو ماددە دەستوورییە دەکرێت، کە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، نزیک بە ٢٥٠ هەزار کەسی نەخوێندەواری تیدایە.

هەروەها ئوستانی کوردستان بە ٢٩٥ هەزار کەسی نەخوێندەوارەوە، بە دووەمین ئوستان دادەندرێت، کە زۆرترین حەشیمەتی نەخوێندەواری لە ئاستی ئێراندا لە خۆ گرتووە.

ئوستانی کرماشانیش ١٠٥ هەزار کەسی نەخوێندەواری تێدایە و ئوستانی ئیلامیش وەکوو ئوستانێکی سنووری، بە رادەیەک خراوەتە پەراوێزەوە، کە وەکوو ئوستانێکی فەرامۆش و لەبیرکراو ناوی لێ دەبردرێت.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هیچکام لە دەوڵەتەکان نەیانتوانیوە ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکەن و دەوڵەتی رۆحانیش بە دروشمی \"ساڵی نوێی خوێندن و بنبڕ کردنی نەخوێندەواری\"، بە پێشوازیی ساڵی نوێی خوێندنەوە چووە.

لەلایەکەوە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی باسی لە دابین کردنی پۆل و قوتابخانەی خوێندن، تەنیا بۆ یەک قوتابی کردووە و بە گوتەی بەرپرسی رێکخراوی نوێژەن کردنەوە، پەرەپێدانی قوتابخانەکان، لە فەسڵی نوێی خوێندندا ئیمکاناتی قوتابخانەکان لە ساڵی رابردوو باشتر دەبن و لەگەڵ کەمیی شوێنی وانە وتنەوە بەرەوڕو نابن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە لە کۆی ٢١ هەزار ملیارد بودجەی تەرخان کراو بۆ وەزارەتی پەروەردە، تەنیا ١.٥ لەسەدی دابین کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا و بە سەرنجدان بە نەبوونیی ژێرخانی پێویست و هەڵاواردن، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بە چ شێوەیەک گۆرانکاری لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانیدا دێتە ئاراوە.

کەمیی شوێن و قوتابخانەی نیوە رووخاو

\"22318.jpg\"
لەکاتێکدا بەرپرسی رێکخراوی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران باسی لە باشتر بوونی ئیمکانات لە ساڵی ٩٣ – ٩٤دا کردووە و دۆخی پەروەردەی لەساڵی نوێی خوێندندا بەبێ کێشە و گرفت لە قەڵەم داوە، کە لە نوێترین هەواڵەکان باس لەوە دەکەن گوندەکانی سەنگەر، مەلان، کشمیش تەپە، رند و حەساری سەربە شارستانی ماکۆ تەنیا قوتابخانەیەکیان هەیە و کێشەی هاتن و چوونی بۆ قوتابییەکان دروست کردووە.

قوتابخانەکانی شاری شنۆ بەهۆی کەمیی شوێنی پەروەردە بە شێوەی دوو شیفتی وانەیان تێدا دەگوترێتەوە.

لەناوچەی نایسەری سەربە شاری سنە، لە ساڵی نوێی خوێندندا هەر ٤٠ قوتابی لە پۆلێکی ١٢ میتریدا سەرقاڵی خوێندن دەبن.

هەروەها نەبوونی قوتابخانە لە ١٣ گوندی سەڵماس، گوندەکانی ژاوەرۆی سنە، گوندەکانی دەرەکی و دەمەیوی مەریوان، گوندی کڵاش هۆش لە جوانڕۆ، گوندی دەرماناوێ و سێوەتاڵ لە سەردەشت تەنیا بەشێک لەو قوتابخانانەن کە لەگەڵ کەمیی شوێنی وانە وتنەوە بەرەوڕوون و ئەمەش دەستهەڵگرتنی دەیان قوتابیی کوردی لە خوێندن لێکەوتۆتەوە.

بەپێی یاسای پەسندکراوی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، رێکخراوی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکان، ٤ ملیارد تمەن بۆ نوێژەن کردنەوەو دروست کردنی قوتابخانە نیوەرووخاوەکان تەرخان کرا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ لە پەسندکرانی ئەو یاسایە، تەنیا نیوەی ئەو پرۆژەیە خراوەتە بواری جێبەجی کردنەوە.

هەنووکە یەک لەسەر سێی قوتابیانی ئێران لە قوتابخانەی نیوەڕووخاودا سەرقاڵی خوێندنن.

لە ئیستادا زیاتر لە پەنجا لەسەدی قوتابخانەکان لە قوڕ و خشت دروست کراون و هیچ چەشنە مەرجێکی ئیمەنییان تێدا نییە، کە بەرپرسان ئەو قوتابخانانەیان بە بۆمبی قورمیش‌کراو وەسف کردووە.

تەنیا لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ٤٧٥٠ پۆلی خوێندن پێویستییان بە رووخاندن و سەرلەنوێ دروست کردنەوە هەیە و ئەم ژمارەیە قوتابخانەی نیوەرووخاوە گیانی ٤ هەزرا قوتابیی لە ٢٠٠ قوتابخانەدا بەرەوڕووی مەترسی کردۆتەوە.

هەروەها ١١٩٢ قوتابخانەی نیوەڕووخاو لە ئوستانی کوردستاندا هەیە، کە لە سەدا ٤٠ی قوتابخانەکانی ئەو ئوستانە پێک دێنیت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ١٢٦٨ قوتابخانەی دیکە لە ئوستانی کوردستان پێویستییان بەوە هەیە کە نوێژەن بکرێنەوە.

هەرچەند وەزیری پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەتی رۆحانی باسی لە دابین کردنی قوتابخانەی یەک پۆلی بۆ هەر قوتابییەک کردووە، بەڵام ئەندامانی کۆمیسیۆنی مەجلیس، ئاماژەیان بە دابەزینی لە سەدا ١٦ی بودجەی ساڵی ٩٢ و هەروەها لە سەدا ٤٠ی لە ساڵی ٩٣ بۆ نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری پەروەردە، باسی لەزیادبوونی لە سەدا ١٧ی بودجەی ساڵی ٩٣ – ٩٤ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردووی خوێندن کردووە، بەڵام بە گوتەی ناوبراو، پشکی ئوستانەکان لە سەدا ٢١ گەیشتۆتە ٨%، کە پشکی ئوستانی کوردنشینی ئیلام تەنیا لەسەدا ٣ بووە.

بەگوتەی ئەو لێپرسراوە حکوومەتییە، \"لەگەڵ عەقڵ یەک ناگرێتەوە، کە لە سەدا ٣ی ئەو بودجەیە بەشی پێڕاگەیشتن بە دۆخی قوتابخانە و خوێندن لە ئوستانی ئیلامدا بکات\".

دەستهەڵگرتنی قوتابیان لە خوێندن

\"22320.jpg\"
هەتا ئیستا ئاماری قوتابیانی دەستهەڵگرتوو لە خوێندن یان بێبەری کراو لە خوێندن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام کارناسانی بواری پەروەردە رێژەی ئەو قوتابیانەیان بە یەک لەسەر چواری قوتابیانی وڵاتی ئێران ئەژمار کردووە.

هەروەها لە سەدا ٣٠ی قوتابیان لە ئێران زۆر زوو واز لە خوێندن دێنن، کە لەم نێوانەدا رێژەی دەستهەڵگرتنی کچان لە خوێندن لە ئاماری کوڕانی دەستهەڵگرتوو لە خوێندن زۆرترە.

تەنیا لە ئوستانی کرماشان و کوردستاندا، ١٠ هەزار منداڵی تەمەن ٦ هەتا ١٣ ساڵ لە ساڵی ٩٢ – ٩٣دا لە خوێندن بەجێماون.

لەم پەیوەندییەدا، لە گوندەکانی ناوچەی سەوڵاوا، ٨١ منداڵ لە خوێندن بەجێماون.

بەپێی دوایین راپۆرتەکان، قوتابخانەی ناوەندیی کوڕانە و کچانەی گوندی گەلێنی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە هەڵوەشێندراوەتەوە، کە بەو هۆیەوە زۆربەی قوتابیان و بەتایبەت کچان بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

کارناسانی بواری پەروەردە، نەبونوی ئیمکاناتی خوێندن، بە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستهەڵگرتنی قوتابیانی کورد لە خوێندن لە قەڵەم ئەدەن، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانن.

ئەستاندنی نایاسایی پارە لە قوتابییان، نەبوونی قوتابخانەوە و هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن بووە.

لە ئێستادا وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی رۆحانی، ناوی \" بنبڕ کردنی نەخوێندەواری\" بۆ ساڵی ٩٣ – ٩٤ی هەتاوی دیاری کردووە و گوتوویەتی کە ناونووسینی کچان بۆ خوێندن و گەڕانی ماڵ بە ماڵ بە شوێن کچانی نەخوێندەوار یان دەسهەڵگرتوو لە خوێندن و دابین کردنی قوتابخانە بۆ ئەو کچانە کردووە، بەڵام خودی وەزیری پەروەردە رایگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکان نەگرێتە دەست و سەرچاوەی نوێی نەخریتە بەر دەست، ناکرێ چاوەڕوانییەکی ئەوتۆ لە وەزارەتی پەروەردە ببێت.

سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەکان

\"22321.jpg\"
یەکێکی دیکە لە کێشەی قوتابخانەی ناوچە پەرواێزخراوەکان، نەبوونی کەرەستەی گەرمایی ستاندار لە نیو قوتابخانەکاندایە.

لە ئێستادا، و لە زۆربەی قوتابخانەی ناوچە پەراوێزخراوەکان بە تایبەت لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا، بۆ گەرم کردنی پۆلەکان کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن، کە لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوییەوە زیاتر لە ٥٠ قوتابی بەهۆی سووتانەوە لە قوتابخانەکاندا گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بەهۆی سۆبەی ناستانداردەوە سووتاون و کەمئەندام بوونە، کە سووتانی کچە قوتابیانی شیناوێی پیرانشار نوێترین حاڵەتی سووتانی قوتابیان لە قوتابخانەکاندایە.

کچە قوتابیانی شیناوی لە قوتابخانەیەکدا تووشی سووتانی جەستەیی هاتوون، کە قوتابخانەکە بڕیاری رووخاندن و سەرلە نوێ دروست کردنەوەی درابوو.

بەگوتەی بەرپرسی گشتیی رێکخراوی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ورمێ، لە سەدا ٥٠ی قوتابخانەکانی ئەو ئوستانە بۆ گەرم کردنی پۆلەکان لە وەرزی زستاندا سۆبەی نەوتی بەکار دێنن، کە لە زۆربەی گوندەکان قوتابخانەکان کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن.

دوابەدوای رووداوی شیناوێ، وەزارەتی پەروەردە، بەڵێنیی بە ستاندارد کردنی سیستمی گەرمکردنەوەی قوتابخانەکانی دا، بەڵام گوندەکانی کەرێزەی شێخان لە مەهاباد و قوتابخانەی گوندی \"نای بین\" لە ورمێ، هاوشێوەی قوتابخانەی گوندی شیناوێ بەهۆی سۆبەی نەوتییەوە ئاگریان تێبەربوو.

بەرپرسی رێکخراوی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو، هەنووکە بە دەگمەن لە قوتابخانەکاندا سۆبەی نەوتی بەکار دەهێندرێت و تەنانەت تێکرای سیستمی گەرمکردنەوەی پۆلەکان لە قوتابخانەکانی ئێراندا ستانداریان تیدا رەچاو کراوە، بەڵام ماوەیەک پیش ئێستا جێگری بەشی عومرانی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندبوو، کە بەکارهێنانی سۆبەی نەوتی و گازی بۆ گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان ستاندارد نییە و هەنووکە ١٥٠ هەزار پۆلی خوێندن پێویستییان بە سیستمی گەرمکەرەوەی دایمی هەیە.

هەروەها بەرپرسی رێکخراوی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانیش رایگەیاندبوو، تەنیا لە سەدا ٢٠ی بودجەی ٣٠ هەزار ملیاردی ساڵی ٩٢ بۆ ستاندارد کردنی سیستمی گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان تەرخان کراوە.

جێگری بەشی عومرانیی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدا باسی لە نەهێشتنی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەکان هەتا مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ کردبوو، کە هەتا ئێستا لەو بودجەیەی بۆی تەرخان کراوە، تەنیا لە سەدا ٦٠ی ئەو بودجەیە بۆ نەهێشتن ، ستاندارد کردن وبردنە سەرەوەی ئاستی ئیمەنیی قوتابخانەکان لەمەڕ ئاگرکەوتنەوە تەرخان کراوە.

سەرەڕای دیاردەی بەکارهێنانی سۆبەی نەوتی لە ساڵی رابردووی قوتابخانەی گوندەکانی ناوچەی هەورامانی تەخت و گوندەکانی کامیاران، تەنانەت سووتەمەنیی پێویستیان بۆ گەرمکردنی پۆلەکان نەبوو، کە ئەمە بووە هۆی داخرانی قوتابخانەکان.

ئەستاندنی پارە بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنیی قوتابخانەکان یەکێک لە کێشەکانی ساڵی رابردوو لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بوو.

ئەستاندنی پارەی نەخت لە ٥ قوتابخانەی ناوچەی بۆکان، قوتابخانەی گوندی \"نەرزیوێ\" لە شنۆ، قوتابخانەی گوندەکانی \"ئووریان، هدر و سیڵاو\" لە سەڵماس، قوتابخانەکانی تیکاب بەشێک لەو قوتابخانانە بوون کە پارە لە قوتابیان ئەستێندراوە.

قوتابییانی کورد لە ساڵی نوێی خوێندنیشدا، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی سۆبەی نەوتییەوە گیانیان لە مەترسیدایە، بە بیانووی کەلوپەل و سووتەمەنی پارەیان لێ وەردەگیڕیت، بەم هۆیەشەوە دوو رێگە دەکەوێتە بەردەمیان کە یان دەبێ پارە بە قوتابخانەکان بدەن یان ئەوەیکە دەست لە خوێندن هەڵگرن و قوتابخانە بەجێ بێڵن.

ئەستاندنی زۆرەملیی پارە لە قوتابیان

\"22322.jpg\"
وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان جەختی کردۆتەوە، کە قوتابخانە دەوڵەتییەکان ئیزنی ئەستاندنی پارەیان لە قوتابییان نییە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەستاندنی پارە لە قوتابیانی کوردستان بۆتە دیاردەیەک و هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان پارە لە قوتیابییان وەرگیرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران، پەروەردە لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا هەتا کۆتایی قۆناغی ناوەندی بەخۆڕاییەو ئەستاندنی پارە لە قوتابییان نایاساییە.

ئەستاندنی پارەی نەخت لە قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە سەقز، سادقییەی مەریوان، قوتابخانەی شەو رۆژیی دیواندەرە، قوتابخانەکانی خۆی، قوتابخانەی گوندی تایربۆغەی سەقز، قوتابخانەی کچانەی \"مائیدەی ئەلزەهرا و دەروێشان\" لە سنە، قوتابخانەی دواناوەندیی \"بنت الهدی\" لە بۆکان، قوتابخانەی ناوەندیی \"فاتیمەی زەهرا\" لە دیواندەرە، هونەرستانی کارودانشی خارەزمی لە ورمێ، هونەرستانی \"عیفەت\" لە سەوڵاوا، قوتابخانەی \"شێخ شەڵتووت\" لە مەریوان و بەخشنامەی ئیدارەی پەروەردەی پیراشنار، بۆکان، مەریوان، مەهاباد و تیکاب، تەنیا بەشێک لە لەو قوتابخانە و شوێنانەی کوردستانن کە پارە لە قوتابیان ئەستێندراوە.

ئەو پارە وەرگیراوانە، لە نیوان ٥٠ هەتا ٢٠٠ هەزار تمەندا بووە، کە هێندیک لە قوتابخانە دواناوەندییەکان، گەیشتۆتە ٣٠٠ هەزار تمەنیش.

لە حاڵێکدا، کە ئەستاندنی پارە لە قوتابیان بە شێوەی ئیجباری بووەو لە زۆر حاڵەتیشدا قوتابییان هەڕەشەی دەرکران لە قوتابخانەیان لێکراوە، جێگری وەزیری پەروەردە و بارهێنان وەرگرتنی پارەی لە قوتابیان رەت کردۆتەوەو وتوویەتی قوتابییان بە دڵخوازی خۆیان پارەیان داوەتە قوتابخانەکان.

وەرگرتنی نایاسایی پارە، تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تیکاب بۆ جێژنی باڵغبوونی کچان پارەیان لە قوتابییان وەرگرتبوو. کارناسان لەو باوەڕەدان لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتە قوتابخانەی دەوڵەتی هیچ واتایەکی نییە، چونکە وەرگرتنی پارە لە قوتابییان بەشێوەی زۆرە ملییە.

ئەو بڕە پارەیەی لە قوتابییان وەردەگیرێت، بۆ کڕینی ئیمکاناتی پەروەردەیی و فیشی ئاو، برق، تەلەفۆن و سووتەمەنیی قوتابخانەکان سەرف دەکرێت.

بە گوتەی کارناسان، خەرجی قوتابخانەی ناوچە هەژارنشینەکان لە ناوچە دەوڵەمەندەکان زۆرترە، چونکە زۆربوونی قوتابیان لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا زۆرترە و تەرخان کردنی بودجەی ناعادڵانە بۆ ئەو ناوچانە، هەژاری خەڵک زیاتر دەکات و بەم هۆیەوە بنەماڵەکان ناچار دەبن کە تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن.

عەداڵەتی پەروەردەیی

\"22317.jpg\"
لە عەداڵەتی پەروەردەییدا هاتووە، کە هەمووان دەبێ ئیمکانی خوێندنیان بۆ بڕەخسێت و نابێ هیچ کەسێک بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە نەخوێندەوار بمێنیتەوە.

ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە باس لە بێبەشبوونی ٣ ملوێن و ٢٠٠ هەزار منداڵی ٦ هەتا ١٨ ساڵ لە خوێندن دەکەن، کە بە شێوەی نێونجی لە هەر ٥ منداڵ و مێرمنداڵ لە ئێران، منداڵێک لە لانیکەمی ئیمکاناتی پەروەردەیی بێبەری بووە.

کەلێنێکی گەورەی پەروەردەیی لە ناوچە هەژارنشینەکانی ئێران، بە روونی و بە زەقی بەرچاو دەکەوێت، کە گرینگترین هۆکار نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیییە، کە پێویستە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەو کەلێنە پڕ بکرێتەوە.

نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەی لە قوتابخانەی ناوچە هەژارنشینەکان، کە خۆی لە دەستەوەستان و داماوی بۆ ماژیک و وایت بۆرد یان تۆپێکی یاریدا دەبێنێتەوە، بە زەقی بەرچاو دەکەوێت.

مەسەلەی \"هۆشمەندکردنی قوتابخانەکان\"، کە لێپرسراوانی حکوومەتی لە ساڵی نوێی خوێندندا باسەکەیان ورووژاند، تەنیا لە قاڵبی دروشمدا خۆی بێنیەوە.

ئەنستیتۆی جیهانیی پڵانڕێژیی پەروەردەیی کە رێکخراوێکی سەربە یونسکۆیە، ئیمکانات، عەداڵەتی بە سەرەکی‌ترین بناغەکانی پلانڕێژی درێژخایەنی پەروەردەیی و لە قەڵەم ئەدات و لێکۆڵینەوەکانیش دەریان خستووە، کە تەنیا پلانڕێژیی درێژماوە ئەنجامی ئەرێنیی دەبێت.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون، زۆربەی منداڵانی بێبەش لە خویندن چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە، کە منداڵی بنەماڵەیەکی نەخوێندەوار بوون، دانیشتووی گوندەکان یان قەڕاغ و پەرواێزی شارەکان و بنەماڵەکانیشیان دەستکورت و هەژار بوونە.

عەداڵەت ئیمکاناتی پەروەردەیی، شوێنی پەروەردەیی باش، کتێبخانە، سرویسی بێهداشتی، پۆلی ستانداردی وانە وتنەوە، مامۆستای شارەزا و پسپۆڕ، وانە و ناوەڕۆکی وانەکانی خوێندن لە خۆ دەگرێت.

هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەنستیتۆی جیهانیی پلانڕێژیی پەروەردەیی، خوێندنی بەخۆڕایی لە قوتابخانەکان، سەرەتایی‌ترین رێکار بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی خوێندنە و پێویستە رێکارەکانی دیکەی وەک پێدانی ژەمەکانی خواردن، خۆڕایی بوونی کتێبەکانی خوێندن، بوورسییە، یارمەتیدان لە خوێندندا و یارمەتیدانی بنەماڵەی ئەو کەسانەش لەبەر چاو بگیردرێت.

مافی خوێندنی بەخۆڕایی و گشتی بۆ هاووڵاتییان، مافی بنەڕەتیی ئینسانەکانە. لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، خوێندن هەتا قۆناغی ناوەندی بڕیارێکی نەگۆڕە، کە بەپێی ئەسڵی ١١٣ی یاسای بنەڕەتی دەبێ سەرکۆمار ئەو ئەسڵە جێبەجێ بکات.

قوتابییانی ناوچە هەژارنشینەکان، سەرەڕای ئەوەیکە لە هەموو ئیمکاناتێک بێبەرین، لە ئیستادا باس لە هۆشمەند کردنی قوتابخانەکان و چوونی تابلێت و بەڕێوە بردنی وەرزشی تایبەتی دەکرێت.

ئەو قوتابییانە لانیکەمی ئیمکاناتییان لە بەر دەستدایە و نەبوونی قوتابخانە لە ئاستەکانی سەرەوەتردا، دەبێتە هۆی دەستهەڵگرتنی قوتابیان لە خوێندن.

بەجێمان لە خوێندن

\"22319.jpg\"
ئوستانە کوردنشینەکان لە بواری نەخوێندەوارییەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئوستانەکانی دیکەی ئێران زۆرترین ئاماری نەخوێندەوارییان تێدایە. قوتابخانەی ناوچە هەژارنشێنەکان بەتایبەت قوتابخانەی گوندەکان، لە سەرەتایی‌ترین ئیمکانات بێبەشن و بینای زۆربەی قوتابخانەکانیش کۆن و نیوەڕووخاون.

سەرەرای نەبوونی رۆشنایی پێویست، ئاودەست و توالێتی خاوێن، لانیکەمی ئیمکاناتی وەرزشی، سۆبەی ستاندارد و کتێبخانە و تەنانەت نەبوونی پۆلی خوێندن، ناکرێ نەسلێکی بە توانا و بە بڕشت لە کۆمەڵگەدا دروست بکرێ.

جگە لەمەش یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەجێمانی قوتابیانی کوردستان لە دەرسەکانیان، پەیوەندی بە نەبوونی خویندن بە زمانی زگماکی لە قوتابخانەکاندایە، کە ئەمە بۆخۆی پەیوەندی بە چۆنایەتیی ئاستی خوێندنەوە هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا ئەو مامۆستایانەی کە دەیانهەوێ لەو پەیوەندییەدا رێگە چارەیەک بدۆزنەوە، بەرەوڕووی تۆمەتی ناوەندە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا دەستەبسەر کردن و زیندان و لەسەرکار دەرکران دەبنەوە.

بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی لەمەر خویندن بە زمانی زگماکی لە راگەیاندراوە ١٠ ماددەیەکەی کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، هەتا ئیستا هیچی لی شین نەبووە.

هەرچەند هەتا ئێستا وەزیری پەروەردە بەڵینیی دابوو، کە شۆرای باڵای پەورەردە و بارهێنانی وڵات بۆ پێکهێنانی عەداڵەتی پەورەردەیی، سەرنج و گرینگییەکی زیاتر ئەداتە ئەو ناوچانەی کە غەیرە فارسن، بەڵام مامۆستایان و کارناسانی پەورەردەیی لەو ناوچانە، سیاسەتەکانی دەوڵەت بە هۆکاری بەجێمانی قوتابیان لە دەرسەکانیان لە قەڵەم ئەدەن. هەروەها لەو باوەڕەدان کە دەوڵەت وەکوو هەڕەشەیەک چاو لە پرسی خوێندن بە زمانی زگماکی دەکات و لە ئەنجامیشدا هیچ گرینگییەک بە بەجێمانی قوتابیان لە دەرسەکانیان نادات.

کاتێک کە نەبوونی شوێنی خوێندن و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی کێشەی قوتابیانی ناوچە پەرواێزخراوەکان بێت، تەنانەت بۆ سووتەمەنیی زستان دەبێ بە زۆرەملی پارە لە قوتابییان وەربگرێت، بێگومان بەستێنی گەشە و دەرکەوتنی توانای قوتابیان ناڕەخسێت و لێهاتوویی و توانای قوتابییان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.