راپۆرت/ بەردەوامیی ناڕەزایەتیی دەریرین لەهەمبەر رووداوەکانی مەریوان

16:25 - 3 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: سووکایەتی کردن بە ژنانی کورد و کولتووری خەڵکی کوردستان ناڕەزایەتیی و تووڕەیی بەرینی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لێکەوتەوە.

لەماوەی رۆژانی رابردوودا بڕیاری دادگای شاری مەریوان سەبارەت بە گەڕاندنی کەسێک لەژێر ناوی \"ئارزل و ئەوباش\" بە جلوبەرگی کوردیی ژنانەوە لە شەقامەکانی ئەو شارە، دژ کردەوەی بەرینی ژنانی شاری مەریوان و چالاکانی بواری ژنای لێکەوتەوە، کە ئەم کردەوەیەی دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواوە بوو.

بڕیاری دادگای مەریوان و پەرچەکرداری چالاکانی ژن و پیاو

\"12171.jpg\"
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی \"توفیق خۆشنەواز\" ناسراو بە \"داباشی\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درابوو.

دوابەدوای ئەوە رووداوە، لە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە رێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی شاری مەریوان خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی دادگای مەریوان بە کەسایەتیی ژن، بەڕێوە برد.

ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی ژنان و چالاکانی ژنی ئەو شارە، لەگەڵ توندوتیژی و سەرکوتی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بوویەوە.

\"12173.jpg\"
ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان بە دەرکردنی راگەیەندراێکی هاوبەش ئەو کردەوەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و بە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیان لەقەڵەم دا و خوازیاری سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو حوکمە بوون.

هەروەها رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ خاکەلیوە خەڵکی گوندی \"نێ\" سەربە شاری مەریوان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری دادگای مەریوان سەبارەت بە لەبەر کردنی جلوبەرگی ژنانەی کوردی بۆ کەسێکی تاوانبار، نزیک بە هەزار واژۆیان کۆکردەوە.

لەبەر کردنی جلوبەرگی ژنانە نیشانەی باوەڕ مەند بوون بە یەکسانیی ژن و پیاوە

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی کورد وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ ژنانی کورد،چەندین کەمپەینیان لەڕاستای مەحکووم کردنی ئەو حوکمەی دادگای شاری مەریوان کردەوە و رێژەیەکی بەرچاو لە پیاوانی کورد و فارس لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەپۆشینی جلوبەرگی ژنانەی کوردی بەشدارییان لە کەمپەینی \"ژن بوون کەرەسەی سووکایەتی کردن بەهیچ‌کەس نییە\" کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردەوە.

\"12172.jpg\"
دەستەیەک لە پیاوانی کورد بەلەبەر کردنی جلوبەرگی ژنانە رایانگەیاندووە: لەبەر کردنی جلوبەگی ژنانە نیشانەی باوەڕمەند بە یەکسانیی ژن و پیاوە و هەروەها شانازی بەو باوڕەش دەکەن.

ئەو چالاکانە پێیان وایە ئەم کەمپەینە لە هەڵسووکەوتی حکومەتی ئیسلامیی ئێراندا هیچ ئالوگۆڕێک پێکناهێنێت، بەڵام روانگەی خەڵکی پیاوسالاری کوردستان دەگۆڕێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەندین کەس لە پیاوانی ناوخۆی شارەکانی دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان و سەقز بە لەبەر کردنی جلوبەگی ژنانەی کوردی پشتیوانیی خۆیان لەو کەمپەینە و هاوکات ناڕەزایەتیی و تووڕەیی خۆیان لەهەمبەر ئەو بڕیارەی دادگای شاری مەریوان، دەربڕی.

ئەنجامەکان:

ئەم هەڵسووکەوتەی دەزگای قەزایی و هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردیی ژنانە بۆ کەسێکی تاوانبار، بەشێکی بچووک لە ئەو بڕیار و کردەوانەی هێزی ئیتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە کەلە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەژێر ناوی سزادانی \"ئەرازل و ئەوباش\" بەڕێوەی چووە.

کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم کردەوانەی هێزی ئینتزامی نەتەنیا لە رێژەی تاوانەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو هۆکاری بەرین بوونەوەی توند و تیژی لە چواچێوەی ماڵ و شوێنە داخراوەکان دایە.

بەیاننامەی زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە چالاکانی مدەنی، خوێندکاری و چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی شاری سنە لەمەڕ رووداوەکانی شاری مەریوان

دەقی ئەو بەیاننامەکە وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

\"12175.jpg\"
بەرپرسانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران!
هەروەک ئاگادارن چەند رۆژ پێش ئێستا کەسێکی تاوانبار \" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان، جلوبەرگی سووری ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درابوو. جیا لەوەی کە حوکمێکی لەو چەشنە هەتا چ رادەیەک دەچێتە خانەی سزادانەوە، زیاتر سووکایەتی کردن و ئەتک کردنی کەسایەتیی ژنان بووە کەلە قاڵبی کەسێکی تاوانباردا بەڕێوە چووە.

ئێمە واژۆکارای ئەم بەیاننامەیە بە نوێنەرایەتیی لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی شاری سنە وەک: لاوان، خوێندکاران، ژنان، کرێکاران، چالاکانی مەدەنی و ... بە توندی لەهەمبەر ئەم شێوە سزادانە و لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردیی ژنانە بۆ کەسێکی تاوانبار، کە جلوبەرگی فەرمیی دایک و خوشکانمانە و نیوەی کۆمەڵگە پێکدێنن، ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆمان دەردەبڕین و داوا لە بەرپرسان دەکەین لەو پەیوەندییەدا وەڵامدەر بن و بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو حوکمە لێپرسینەوەیان لێبکرێت.

لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین بۆ ئەو نوێنەرەی کوردانەی کە لە بەداداچوونی ئەم مەسەلەیە وەک ئەرکی ئینسانیی خۆیان لە هیچ هەوڵێک درێغییان نەکردووە و هەروەها لە ئەو نوێنەرانەی دیکەش چاوەڕوانی پەرچە کرداری بەرپرسانە و ئینسانی دەکەین.