راپۆرت / ٩ کچە خوێندکار لە ساڵی ٩٢‌دا لەخوێندن بێبەری کراون

20:26 - 6 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لەساڵی رابردوودا ٩ خوێندکاریی کچ لەدرێژە دان بە خوێندن لەزانکۆ بێبەری کراون، کە سێ کەسیان کورد و ٦ کەسیان پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی خوێندنی ٩١ ـ ٩٢‌دا، سێ‌خوێندکاری کچی کورد بەناوەکانی ئەفسانە بایزیدی، گیتا گۆران موحیت و کوێستان کەریمی بە هۆی کێشەی سیاسیی ـ مەزهەبیی لەدرێژەدان بە خوێندن بێبەری کران.

لەسەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ٩٢‌دا کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی کوێستان کەریمی لەزانکۆی پەیام نوور دوای ئەوەی لەلایەن حەراسەتی زانکۆوە لە درێژەپێدان بە خوێندن بێبەری کرا، زێدی خۆی بەجێهێشت.

کوێستان هاوسەری شاهۆ کەریمی بوو کە ئەویش بە هۆی فشاری هێزە ئەمنییەکانی بەناچاری وڵاتی بەجێهێشتبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ خوێندکارێکی دیکەی کورد بەناوی گیتا گۆڕان موحیت بە هۆی \"بەهایی\" بوون لە خوێندن بێبەری کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە رشتەی \"ئەندازیاری مێتالۆژلۆژیی سەنعەتی\" لەزانکۆی رازی کرماشان سەرقاڵی خوێندن بوو.

لەلایەکی دیکەوە لەمانگی رێبەندانی ساڵی رابردوودا، ئەفسانە بایزیدی دوای ئازاد بوونی لەزیندان، لەلایەن حەراسەتی زانکۆی پەیام نووری بۆکانەوە ئاگادار کرابوویەوە، هەتا ئەو کاتەی کە رەوتە یاساییەکانی لەدادگادا کۆتایی پێ نەیەت ناتوانێ‌درێژە بەخوێندن بدات\".

ئەو کچە خویندکارە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو، هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

بەهایی بوون، بیانوویەک‌بۆ دەرکردنی خوێندکارانی بەهایی لە زانکۆکان

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی خوێندنی ٩١ ـ ٩٢، لێپرسراوانی زانکۆکانی ئێران، شەش کچە خوێندکاریی بەهاییان تەنیا بەبیانووی \" پەیڕەوی لەو ئایینە\" لەخوێندن بێبەری کردووە.

\"19045.jpg\"
ئایدا بەندی، ئازیتما مومتازی، تەنین تورابی
لەپووشپەڕی ساڵی ٩٢، دوو خوێندکاری کچی پەیڕەوی ئاینییی بەهایی لەزانکۆکانی شیراز و قەزوین لەدرێژە دان بە خوێندن بێبەری کران.

لەمانگی پووشپەڕدا، ئایدا بەندی هاووڵاتیی بەهایی و خوێندکاریی تێرمی دووی، رشتەی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی زانکۆی پەیام نووری شیراز لەخوێندن بێبەری کرا.

لێپرسراوانی ئەو زانکۆیە بە ئایدا بەندیان وتبوو، دەبێ‌ببی‌بە موسەڵمان و ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بێت، پێویستە وڵات بەجێ‌بێڵێت.

کۆتایی پووشپەڕ، تەنین تورابی خوێندکاری رشتەی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی نێودەوڵەتیی \"خومەینی قەزوین\" بەهۆی باوەڕمەندی بە ئایینی بەهایی لە خوێندن بێبەش کرا.

ئازیتما مومتازی کچە خوێندکاری بەهایی زانکۆی زەندی شیراز و یەکێک دیکە لەو کچە خوێندکارانە بوو، کە لەزانکۆ دەرکرا.

ئەم کچە خوێندکارە بەهاییە، ساڵی ١٣٨٧ لە تاقیکردنەوەی سەرتاسەری‌دا بەشداری کرد و لە زانکۆی \"زەند\"ی شیراز و بۆ رشتەی کارگێڕیی پیشەیی وەرگیرابوو.

\"19044.jpg\"
نیلیسا یەحیەوی، ستایش ئەسەدی، سەما هاشـمی
لەلایەکی دیکەوە نیلیسا یەحیەوی، کە دەرچووی کارناسیی زمان و وێژەی فارسی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ٩١ بە مەبەستی درێژەدانی خوێندن لە ئاستی کارناسیی باڵا لە کونکوردا بەشداری کردبوو، کە لە جیاتی دانەوەی پلەکەی پەروەندەکەیان راگرتووە.

هەروەها ناوبراو لە ساڵی ٩٢ لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵا بەشداری کردبوو، کەلە بەشی رۆژانەی زانکۆی سیمنان قەبووڵ کرابوو، بەڵام دوای یەک حەفتە بەشداریکردن لە وانەکان، دوای بانگهێشت کران و لێپرسینەوە لەسەر بڕوا ئایینییەکانی، لە مافی خویندن بێبەش کرابوو.

لەکۆتاییەکانی ساڵی ٩٢دا، دوو کچە خوێندکاری زانکۆی بابولسەری مازندەران بە ناوەکانی ستایش ئەسەدی و سەما هاشـمی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە لە خوێندن بێبەش کران.

ستایش ئەسەدی کە ساڵی ٩٢ چووبووە زانکۆ، دوای تێپەڕاندنی ١٩ واحیدی دەرسی و بەهۆی بەهایی بوونیەوە لە زانکۆی بابولسەر دەرکرا. ناوبراو خوێندکاری رشتەی کارگێڕی جیهانگەردی بووە.

هەروەها سەما هاشمـی کچە خوێندکاری بەهایی کە ئەویش ساڵی ٩٢چۆتە زانکۆ و لە رشتەی کارێگێریدا سەرقاڵی خوێندن بووە، بەهۆی باوەڕمەند بوون بە ئایینی بەهایی لە خوێندن بێبەش کراوە.

ئەو دوو خوێندکارە بەهاییە دوای داخرانی ماڵپەڕی خوێندکاری سەردانی بەشی پەروەردەی کۆلیژەکەیان کردووە، کە ئاگادار کراونەتەوە: \" ئێوە لە خوێندن بێبەش کراون و کەمینە ئایینییەکان مافی خوێندنیان لە زانکۆکاندا نییە.\"

لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا، ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی بەتاوانی باوەڕمەند بە کەمینە مەزهەبییەکان لەزانکۆکان لەخوێندن بێبەری کراون.

بەپێی پەسەندکراوی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، تەنیا ئەو هاووڵاتییانەی کە باوەڕیان بە ئایینەکانی ( ئیسلام، مەسیحی، کەلیمی و زەڕدەشت) کە یاسای بنەڕەتیدا ناویان هاتووە، ببێت دەتوانن لەزانکۆکانی ئێران دەرس بخوێنن.