دەفتەری ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" داخرا

14:00 - 13 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی شارەداریی شاری بۆکان دەفتەری ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\"ـیان لەو شارە داخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵذەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، مەئموورانی شارەداریی شاری بۆکان، کەلوپەلی دەفتەری ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\"ـیان لە شاری بۆکان خستووەتەوە دەرەوە و دایانخستووە.

ئەو کردەوەیەی مەئموورانی شارەداریی لە کاتی کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" ڕووی داوە.

ماوەیەک لەمەوبەر کۆڕی گشتیی ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" لە شاری بۆکان لە بەیانییەیەکدا ئاشکرای کرد، فەرمانداریی و شارەداری دەیانهەوێ کۆتایی بە چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە بێنن.

دوای بڵاوکردنەویە ئەو بەیانییە، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ئەو کردەوەیەی فەرمانداریی و شارەداریی بۆکانی مەحکووم کرد.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی وڵات بە ناوەکانی \"حامید سپێهری و جەعفەر ئەمینی\" بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کران.

ئەو دوو چالاکەی ژینگەپاریزی ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەسبەسەر کران و دواتر مانگی خاکەلێوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.