دەسگێڕێک لە شاری مەهاباد، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:52 - 5 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، مێرمنداڵێک و پیاوێکی تەمەن سەرەوەی ٤٥ ساڵ، بە هۆکاری جیاجیا دەستیان دایە خۆکوژی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٨ ساڵ بە ناوی \"حەسەن\"، خەڵکی گوندی \"خانەگێـ\"ـی شاری مەهاباد، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە کاری دەسگێڕی خەریک بووە و لە ماڵەکەی خۆیدا، دەستی داوەتە خۆکوژی.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"حەسەن خێزاندارە و کچێکی تەمەن ٩ ساڵانی هەیە.\"

ئەم سەرچاوەیە، هۆکاری خۆکوژیی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ کەمی داهاتەکەی گەڕاندەوە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی \"سوهراب ڕۆستەمی\"، کوڕی سەلام، خەڵکی شاری مەهاباد، دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.

ئەو مێرمنداڵە کوردە، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دەوترێت کە \"سوهراب ڕۆستەمی\"، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە.