دەستەوەستان چاوەڕێی مەرگی دەنگمان نەکەین

20:33 - 29 رەزبەر 2717
Unknown Author
ئاوات قادری

دەستەوەستان چاوەڕێی مەرگی دەنگمان نەکەین و دەنگێک بین بۆ سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوڕۆ لە تاریکخانەکانی ڕێژێمی ئیسلامیی ئێراندا یا چاوەڕێی ئەوەن ئەو بەرەبەیانییە شوومە بێت کە مۆمی ژیانیان بکوژێنێتەوە و بچنە بن داری ئێعدام و پەتی سێدارە و کۆتایی بەو چاوەڕێیە بێت بۆ هەمیشە یا خود ئەوانەی کە پێیان وتراوە بۆ هەتاهەتایە دەبێت ئەو بەندیخانە جێگا و مەکانتان بێت، بەبێ هیچ مافێکی مرۆیی و بگرە زۆریش پڕ ئازارتر، وە بەشێکی زۆری دیکە لە بەندکراوانی سیاسیی کە بە دەیان ساڵ حوکمی ناعادڵانەی ژیان لە بەندیخانەکانیان بە سەردا سەپاوە، هاوڕێیان و نیشتماندۆستان، خوێنەرانی هێژا، تەواوی ئەو ئازیزانەی کە ئێستە بەو شێوەیە ئازار دەکێشن و هەموو ئەو قوربانیانە بە وانەشەوە کە دەیان ساڵ لە گیان بەخت کردنیان لە ڕێگەی ئازادی بۆ گەڵی مافخوراو و زوڵم لێکراوی کورد تێپەر بووە، هەموویان لە پێناو بیر و باوەڕیان و خۆشەویستی و خزمەت بە گەل و نیشتمان گەیشتوونەتە ئەو ڕۆژە، ئەوان ئەوەی لە دەستیان هات کردیان، بەڵام ئێستە بێبەش بوون لە هەموو ئەو مافەی کە وەکوو مرۆڤ دەبێ هەیان بێت.

پڕئازارتر لە هەموو شتێک ئەوەیە کە بەندکراوە سیاسییەکانی کوردستان کاتێک کە لە شەودرەنگانێک لە بەندیخانەکان یا لە ئیدارەی ئیتلاعات لە سێدارە دەدرێن، تەنانەت تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکرێتەوە و دیار نییە لە چ شوێنێکی نادیار بەبێ هیچ مەراسمێک و کۆڕیادێک لە لایەن بنەماڵەکانیان بە شێوازێکی نامرۆڤانە بەکۆمەڵ بە خاک دەسپێردرێن و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی گیانبەخت کراوان و پرسیار لە بارەی شوێنی تەرمەکان هیچ وڵامێکیان پێ نادەن و ناهێڵن مەراسمی ماتەمینەشیان بۆ دابنێن. زۆرن ئەو مرۆڤە خاک و نیشتیماندۆستانەی کە لە ئێستادا لەو بارودۆخە نالەبارە دان کە دەبێ بناسرێن و باسیان بکەین و ببین بە دەنگیان، بەڵام ئەوڕۆ من ئاوات قادری وەکوو چالاکێکی سیاسیی و زیندانییەکی سیاسیی پێشوو دەمەوێت باس لە کەسێک بکەم کە ماوەی بیست و چوار ساڵ لە تەمەنی لاویەتی خۆی کردە قوربانی لە ڕێگای ئازادی گەل و نیشتیماندا. بەڵی محەممەد نەزەری ئەو لاوە تەمەن بیست و سێ ساڵانە بوو کە ئێستا بیست و چوار ساڵە جیا لە بەندبوونی بێبەش لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەجە. محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوییە و خەڵکی شاری ساین‌قەڵا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شاری بۆکان بە تۆمەتی ئەندام بوون و هاوکاریی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەسبەسەر کرا و هەر وەکوو سەدان و هەزارانی دیکەی ئەو گەلە ژێردەستە حوکمی ناعادڵانەی سێدارەی بە سەردا سەپێندرا، بەڵام لە دوای پێنج ساڵ ئەو حوکمە گۆڕدرا و بوو بە مانەوەی هەتاهەتایی لە بەندیخانە.

محەممەد نەزەری لە ٢٤ـەمین ساڵی دەسبەسەر بوونی خۆی دایە، واتە ٢٤ ساڵ لە باشترین ڕۆژەکانی تەمەنی کە دەکرا لە لای بنەماڵە و کەسوکاری تێپەڕێنێت و ژیانی ئاسایی خۆی بکات، لە ناخۆشترین بارودۆخ و بێ هەبوونی هیچ مافێکی مرۆڤایەتی و تەنانەت یەک ڕۆژ سەردان و مەرەخەسی وەرگرتن بە مەرج و بەپێی بارمتەش نەبووە. ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ئێستادا حاڵی باش نییە و دەتوانین بڵێین کۆتا هەناسەکانی هەڵ دەکێشێت، لەبەر ئەوەی ئەو مانی گرتووە. بەڵێ مانی لە خواردن گرتووە و لە ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ وێڕای کۆمەڵێک لە بەندکراوەکانی دیکە دەستی پێکرد. مانگرتنی بەندکراوەکانی‌تر لە دوای تێپەر بوونی٤٠ ڕۆژ کۆتایی پێهات، بەڵام لە ئێستادا ٢٦/٧/١٣٩٦، ماوەی ٨١ ڕۆژە کە محەممەد نەزەری هێشتا دەستی لە مانگرتن هەڵنەگرتووە و کۆتایی پێ نەهێناوە. بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان محەممەد نەزەری بە هۆی ناڕەزایەتی لەو شێواز و بارودۆخەی کە لە دوای ٢٤ ساڵ دەربردن لە ژێر ئازارەکانی بەندیخانە بۆ نموونە درێژەپێدانی ماوەی بەند بوون و ڕازی نەبوونی دەزگا ئەمنییەتی و بڕیاردەرەکانی ڕێژێمی ئێران بە ئازاد کردنی کاتیی ناوبراو، درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە و بڕیاری داوە یا بە ئامانج بگات یا بەردەوام بێت و تەنانەت بۆی گرینگ نییە کە گیانیشی لە دەست بدات لەگەڵ ئەوەدا هەواڵەکان باس لە ڕەوشی نالەبار و ناجێگیری تەندروستی محەممەد نەزەری دەکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باری تەندروستیی بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و مەترسی گیان لەدەست دانیشی هەیە، بەڵام سەرەڕای بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ هێشتا هیچ لە ڕەوشەکە نەگۆڕدراوە. ئێمە هەموومان بە تێکڕایی ئەوڕۆ دەبێ ببین بە دەنگی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، کە جیا لە دەربردنی ساڵانێکی زۆر ناخۆشی لە چوارچێوە ئەمنییەتییەکاندا ئەوڕۆ مانی گرتووە، پێش ئەوەی درەنگ بێت و هیچ شتێک نەکرێت، دەبێ نیگەرانی خۆمان دەرببڕین و بە دانانی کەمپەین و کۆکردنەوەی واژۆ و هەر کارێکی لە دەستمان دێت یارمەتیدەر بین بۆ ئازادی بەبێ هیچ مەرجێک و لە زووترین کاتدا بۆ محەممەد نەزەری.

محەممەد نەزەری و سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی کورد نوێنەرانی مافی ئێمەن و ژیان و گیانی خۆیان کردووەتە قەڵغانی بەرگری و لووتکەی چەوسانەوەی کوردیان لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بردووەتە ژێر پرسیار و وەک قەڵایەک بە دژی یاسای ئەهریمەنی وەستاونەتەوە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوازێک هەوڵی لەنێوبردنی بەندکراوانی سیاسیی دەدات و تەنانەت لە هۆشداری بەرپرسانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سڵ ناکا و حاشا لە هەبوونی زیندانیانی سیاسی لەو وڵاتە دەکات. ڕێژیمی داپڵۆسێنەری ئیسلامیی ئێران لە جیاتی دەستەواژەی زیندانیی سیاسی، چەمکی بەندکراوانی ئەمنییەتی بەکار دێنێت و هەر چەشنە جیابیر و ئازادیخوازێک لەو وڵاتە، بە دژبەری خودا و ناپاکانی سەر ڕووی زەوی لە قەڵەم دەدات. ئەم ڕەوتەی ڕێژیم هەر لە سەرەتای داپڵۆساندنی خۆی بەسەر نەتەوەکانی ئێران بە تایبەت نەتەوەی کوردەوە دەستی پێکردووە و بەداخەوە مافی سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی لە ژێر پێ ناوە. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ڕووناکبیران، هۆنیاران و نووسەران! چالاکانی سیاسی و مەدەنی! لاوانی بەهەڵوێستی نیشتمان! هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چالاکیمان کردووە، ئێستاش پێویستە یەکدەست و یەکدەنگ هەوڵی ڕزگار کردنی محەممەد نەزەری و سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی بدەین.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.