دەستێوەردانی سپای پاسداران لە دانانی بەرپرسانی پەروەردە لە کوردستاندا

14:56 - 11 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و بە تایبەت سپای پاسداران، لە دانانی بەرپرسانی پەروەردە لە کوردستاندا، دەستێوەردان دەکەن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و بە تایبەت سپای پاسداران به شێوەیەکی ڕوون، هێزە دیاریکراوەکانی خۆیان بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستگەلێکی جیاوازی پەروەردە، به سەر بەرپرسانی پەروەردەدا دەسەپێنن.

لوتفی، نوێنەری شۆرای هاواهەنگی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیان، لە شاری مەریوان لە چاوپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی ئەم شارە به ئاماژه به دەستێوەردانەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە پەروەردەدا ڕایگەیاندووە: ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بە تایبەت سپای پاسداران دەستیان به دانانی بەرپرسانی پەروەردە کردووە.

به وتەی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، \" هێزەکانی حراسەت لە جیاتی پاراستنی هێزەکانی پەروەردە، بوونەتە باسکی ئیجرائیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و به ئیدئۆلۆژیک کردنی قوتابخانەکان و گوشارەکان، بوونەتە لەمپەر بۆ درووستبوونی شوێنێکی زیندوو لە قوتابخانەکاندا، به شێوەیەک کە تەنانەت پێش بە بەڕێوەچوونی بەخشنامەکانی وەزارەتی پەروەردە لە جێژنە ناوچەیی و نەتەوەییەکان لە قوتابخانەکانیشدا دەگرن.

هەروەها، ئەمینی، نوێنەری شۆرای هاواهەنگی دامەزاوە سێنفییەکانی فەرهەنگیان لە سەقز، لە چاوپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی ئەم شارەدا، سەرەڕای داخوازیی ئازادی مامۆستا گیراوەکان، \" گەڕانی نایاسایی و چوونە نێو ماڵی مامۆستایانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە مەحکووم کرد.

ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە سەقز خوازیاری \" نیشاندانی چالاکییەکانی پەروەردە لە ڕاگەیاندنەکان و نەترسان لە نیشاندانی ئەو چالاکییانە و هەروەها، ڕوونکردنەوەی پەروەردە سەبارەت به خەرج کردنی بوودجەی پەروەردە بووە.

لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ئەمساڵدا، مامۆستایانی سەتاسەری ئێران و کوردستان، به پێی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاواهەنگی دامەزراوە سێنفییەکانی ئێران له ناڕەزایەتی به ژیانی فەرهەنگیان و بەدینەهاتنی داخوازییەکانیان مانیان گرت.