دەستبەسەر کردنی ٤٠ چالاکی ژن لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا

13:32 - 2 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٠ چالاکی ژن لە ناوچە جیاجیاکانی ئیران دەستبەسەر کراون، کە زۆربەیان پەیڕەوانی ئایینی بەهایی، مەسیحی و یان ژنە چالاکانی کورد بوون.

بەپشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٠ چالاکی ژن لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ١٦ چالاکی ژنی بەهایی، ٨ پەیڕەوی ئایینی مەسیحی، ٦ چالاکی کورد و ١٠ چالاک لە شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستبەسەر کراون.

کوردستان

\"22272.jpg\"
بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٦ چالاکی ژنی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بوون.

لەسەرەتاکانی مانگی بانەمەڕ، کچە خوێندکارێکی کوردێکی خەڵکی مەشهەد بەناوی ئارەزو موەتەنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەدەوە دەستبەسەر کرا.

افسانە ئاقا بەیگ‌پوور، رۆژی شەممە ١١ی جۆزەردان، لەگەڵ هاوسەرەکەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

رۆژی پێنج‌شەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەفسانە بایزیدی، چالاکی خوێندکاری کوردی دانیشتووی بۆکان، بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرا.

سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕ، گوڵناز خوش ئاهەنگ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ماکۆوە دەستبەسەر کراو هەتا ئێستا لە بەندیخانەی شار ورمێ راگیراوە.

لە رۆژی ١٧ی گەلاوێژ، زەینەب بابایی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی شاری مەهاباد لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی مەهاباد گوازرانەوە.

ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە پێشتر بە تۆمەتی پێڕەوی لە ئایینی مەسیحی سزای ٢ ساڵ زیندانیان بۆ بڕابوویەوە و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا وەک خۆی پشتراست کرابوویەوە.

ژنانی بەهایی

\"22273.jpg\"
لەسەرەتای ساڵی ٩٣وە هەتا کۆتایی وەرزی هاوین، ١٦ چالاکی ژنی بەهایی لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

رۆژی شەممە ١٠ خاکەلێوە، نەوا و نیکا خولوسی لە شاری مەشهەد دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان رەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.

لەماوەی رۆژانی ٧، ١٦ و ٢١ ی مانگی بانەمەڕ، سێ هاووڵاتیی ژنی بەهایی بەناوەکانی نەسیم ئەشرەفی، نەسیم باقری و ئیلهام فەراهانی لە شاری تاران دەستبەسەر کران.

لە مانگی جۆزەردان ٣ چالاکی دیکەی بەهایی لەشارەکانی سیمنان و مەشهەد دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردان، سووسەن تەبیبیان لە سیمنان و رۆژی دووشەممە ١٢ی هەمان مانگ دوو هاوڵاتی بەهایی بەناوەکانی دەری ئەمری و مەی خلوسی لە مەشهەد دەستبەسەر کران.

زۆرترین ژمارەی دەستبەسەر کردنی چالاکانی ژنی بەهایی لەمانگی پووشپەدا بووە. لەو مانگەدا ٧ چالاکی بەهایی لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، شەمس موهاجیر بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی خۆی بە زیندانی ئێڤین ناساند و دەستبەسەر کرا.

رۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ تەناز محەمەدی و رۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، ساقی فەدایی لەشارەکانی یەزد و مەشهەد دەستبەسەر کران.

سیمین رەسوڵی لەگەڵ دوو کچی خۆی بەناوەکانی \"سەحەر و نەسیم بەهادوری\" رۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕ لەشاری تەورێز دەستبەسەر کراون. ئەو سێ هاوڵاتییە بەهاییە پاش دوو حەفتە و بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

رۆژی یەکشەممە ٢٣ی هەمان مانگ، شەبنەم عیساخانی لە شاری تەورێز دەستبەسەر کرا.

هەروەها، بەهیە مەعنەوی‌پوور، رۆژی ١٤ی گەلاوێژ لە شیراز دەستبەسەر و ساقی فیدایی رۆژی ٢٠ی خەرمانان بۆ جاری دووەم لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرایەوە.

ژنانی مەسیحی

\"22274.jpg\"
بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨ ژنی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی لەشارەکانی تاران، شیراز و ئیسفەهان دەستبەسەر کراون.

دوو ژنیش لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراون کە لەبەشی کوردستانی ئەم راپۆرتەدا ئاماژەیان پێکراوە.

رۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، دوو ژنی مەسیحی بەناوەکانی مریەم ئەسەدی و نازی لەباشووری تاران دەستبەسەر کران.

سێ ژنی دیکەی مەسیحی بەناوەکانی بانوو فەرخوندە، میترا ستوودە و پەرەستوو شەهابی رۆژی هەینی ٣٠ جۆزەردان. لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری شیرازەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها سێ ژنی دیکە بەناوەکانی زەینەب ئەکبەری، ملووک رۆحانی و سپیدە رۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ئیسفەهانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەمنیەتیی \"ئەلف . ت\" گوازرانەوە.

شوێنەکانی دیکەی ئیران

\"22275.jpg\"
لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠ چالاکی ژن بە هۆکاری سیاسی و ئەمنیەتی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران دەستبەسەر کراون، کە ٤ حاڵەتیان لەمانگی بانەمەڕدا تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، رۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ ، چالاکێکی خویندکاری بەناوی ندا سەبووری و رۆژی سێشەممە ١٦ی هەمان مانگ چالاکێکی پێشووی خوێندکاری بەناوی ستارە داوەری لەشاری تاران دەستبەسەر کران.

ستارە داوارەی لە کۆتایی بانەمەڕدا لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها رۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، فەریدە شاهگوڵی یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ئێران و مەعسومە قولی‌زادە چالاکی خوێندکاریی ئازەری لەشاری تاران دەستبەسەر کران.

مەعسومە قولی‌زادە رۆژی پێنج‌شەممە ٢٩ی جۆەزردان، بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی ئازاد کرا.

سەبا ئازەرپەیک و رێحانە تەباتەبایی دوو رۆژنامەنووسی دانیشتووی تاران، لەرۆژەکانی چوارشەممە ٧ی جۆزەردان و شەممە ٣١ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

مێهناز محەمەدی کە پێشتر سزای ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕابوویەوە ، رۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی رەوانی زیندانی ئێڤین کرا.

لەلایەکی دیکەوە و لە نێوەڕاستی هەمان مانگدا، نیگار حائیری دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، کە یەک ساڵ زیندانی بوو، رەوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا.

رۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردان، غونچە قەوامی کە بەمەبەستی بینینی یاری والیباڵی تیمەکانی ئێران و ئیتالیا چوبووە یاریگەی ئازادی، دەستبەسەر کرا.

هەروەها رۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی فەرهەنگی و هونەیی \"خاک\" بەناوی زەهرا کەعبی لەشاری مەشهەد دەستبەسەر کرا.

کەڵک وەرگرتن لەم راپۆرتە، بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی کوردپا) رێگەپێدراوە.