دەستبەسەر کرانی ٢ هاووڵاتی کورد لە پیرانشار

15:25 - 25 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ هاووڵاتیی کوردیان لە ناوچەی پیرانشار دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە ٢ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی \"مستەفا خدر\" خەڵکی گوندی ترکەش و \"حەسەن\" خەڵکی گوندی کەوپەڕی ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردەیان بەبیانووی راگواستنی مەڕ و ماڵات بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، کە دەستبەسەرداگرتنی مەڕ و ماڵاتی هاوولاتیان لە کاتێکدا بووە کە ئەو ٢ کەسە ئەو ئاژەلانەیان بەمەبەستی فرۆشتن بەرەو پیرانشار بردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم مەڕ و ماڵاتی ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەمەبەستی سەر بڕین رەوانەی کوشتارگا کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە لە دەستبەسەریی هێزە ئینتزامییەکاندا ماونەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و چەند رۆژ پێش ئیستا زیاتر لە ٣٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی گوندەکانی پیرانشار لەلایەن هەنگی مەرزیی پیرانشارەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.