دەسبەسەرکردنی ٢٤ کاتژمێرەی چالاکێکی کرێکاری لە سنەدا

14:25 - 13 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سنە پاش ٢٤ کاتژمێر دەسبەسەرکردن، ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"سامان قادرنەژاد\"، لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سنەدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتیی حکوومەتەوە دەسبەسەر و پاشان ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، ئازادیان کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەی ئەم چالاکە کرێکارییە، ئەویان ئازاد کرد و مۆبایلەکەیان زەوت کرد.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاریی تر بە ناوی \"زانیار دەباغیان\"، پاش سەردانی کردنی دادسەرای سنە، دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی یەک ساڵەی بەندەکەی، ناردیانە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، دەسبەسەر کرا و ٢١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی، لە بازداشتگای ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی سنە، بەڕێ کرا.

زانیار دەباغیان، ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی \"تەبلیغ دژ بە نیزام\" و \"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی کوردی دژ بە حکوومەت\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی سنەوە، بە یەک ساڵ بەندی تە‌عزیری مەحکووم کرا.