دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کرێکاریی کورد لە تاران

14:35 - 22 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری تاران، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە کرێکارییە کوردە و دەسبەریان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەز، \"بێهنام ئیبراهیم زاده\"،چالاکی کرێکاری لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی تارانەوە لە نێو ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.

به وتەی ڕەحمان ئیبراهیم زادە، باوکی ئەم چالاکە کرێکارییە، شەش کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکان که ٥ کەسیان پیاو و یەک کەسیان ژن بووە، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو دەچنە نێو ماڵی بێهنام و سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ناوبراو، کەلوپەلی تاکەکەسیش لەوانە لەپتاپەکەی لە گەڵ خۆیان دەبەن.

بێهنام ئیبراهیم زاده، ٢٩ی خەزوڵوەری ئەمساڵ لە دادگایەکی \"غیابی\"دا به ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم دەکرێت.

بێهنام ئیبراهیم زاده ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، به دانانی بارمتەی ٤٠ میلیۆن تمەنی و تا کاتی کۆتاییهاتنی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو. ئەم چالاکە کرێکارییە ٢٦ی گەلاوێژ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە دەوروبەری کرماشان و لە کاتیێکدا کە خەریکی یارمەتیدانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو ناوچەیە بوو، دەسبەسەر کراوە.

ئیبراهیم زاده ساڵی ١٣٥٦ لە شاری شنۆ لە دایکبووە و لە ساڵی ٨٧ـەوە هەتا ئێستا چەندین جار دەسبەسەر و زیندانی کراوە. ناوبراو لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٦دا پاش تەواوبوونی دەورەی ٧ ساڵ مەحکوومییەتەکەی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرابوو.