دەسبەسەرکردنی چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی لە کامیاران

23:57 - 15 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ١٥ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هێرشیان کردووە سەر شوێنی کاری \"عیسا فەیزی\"، چالاکی ژینگەپارێز لە شەقامی \"ئەلک شار\"ــی کامیاران و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە کاتی دەسبەسەرکردندا کەوتووتە بەر لێدانی هێزە ئیتلاعاتییەکان و دوایی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەرسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە لەبەر دەستدا نییه.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی \" هادی کەمانگەر\"، \"فازڵ قەیتاسی\" و \"ڕەزا ئەسەدی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە له چالاکانی ژینگەپارێزی شاری کامیارانن.

هەروها ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزرا.