دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە هۆکاری نادیار لە پاوە

21:34 - 9 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \" باست محەممەدی\" کوڕی حەمەخان تەمەن ٣٢ ساڵ و خێزاندار خەڵکی گوندی \"دەرەبەیان\" سەر بە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو ئاکامێکی نەبووە.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییه.

لەم پێوەندییەشدا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"شێرزاد و سیامەند شەهسەوار\"، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ لە گومرۆکی حاجی عومەران دەسبەسەر کران و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هەواداری و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە و ئێستاش لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژیر لێکۆڵینەوەدان.