دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە شاری نۆدشە

15:48 - 11 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، هاووڵاتییەکی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری نۆدشە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی \"عەلی مەحموودی\"، تەمەن ٦٠ ساڵ، ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فەرمانبەرە کوردە، بەبێ ‌بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ئەم فەرمانبەرە کوردە، ڕانەگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابروودا، ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە گوندەکانی \"نێ و سەردۆش\"، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری مەریوانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران، گوشاریان خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانە کە منداڵەکانیان بگەڕێننەوە بۆ ئێران.