دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە شاری شنۆ

14:14 - 23 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە مانگی پووشپەڕدا بە بەراورد لەگەڵ بەهاری ئەمساڵ، هاووڵاتییانێکی زۆرتر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"سەرگیز\"ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، دەسبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ، شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەی بە ناوی \"محەممەد سابیر مووسەوی\"، کوڕی سەمەد، ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان، محەممەد سابیر مووسەویان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە. ناوبراو پێشتر لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، بە ٧ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو\".

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ئەم ٢٢ ڕۆژەی مانگی پووشپەڕدا، ٣٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتەوە، بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر کراون.