دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کامیارانی درێژەی هەیە

14:48 - 17 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی دیکەی کامیارانی، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کامیارانی بە ناوەکانی \"ڕەفیق کاکی، ئەمجەد سەیفی و محەممەد خاتری\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە هۆکاری دەسبەسەرکردنیان، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش هێرش بۆ سەر ماڵی \"ڕەفیق کاکی\" و \"ئەمجەد سەیفی\"، دەستیان بە پشکنینی ماڵی ناوبراوان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر گوندی \"شایەنیـ\"ـی شاری کامیاران و لە کاتی دەسبەسەرکردنی \"محەممەد خاتری\"، لە پێش چاوی بنەماڵەکەیدا، دەستیان بە لێدانی ناوبراو کردووە.

بە دەسبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، ئەمە شەشەمین هاووڵاتیی کامیارانین کە لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێن.