دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندا بەردەوامە

16:26 - 26 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەلال سوورمان\"، خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕ و دانیشتووی شارەکی زانکۆی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، دوو برا بە ناوەکانی \"ئاوات و کەیوان بێهرووزی\"، کوڕی حەسن، خەڵکی گوندی \"حاجی حەسەن\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندووئاو، دەسبەسەر کران.

چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی \"ڕەشید کرمانج\"، تەمەن ٤٨ ساڵ، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی \"یاسیکەند\"ی شاری بۆکان و \"جەعفەر پەکەند\"، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، چوار لاوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، بە ناوەکانی \"هێمن محەممەدیان، پووریا ناسری، یادگار جەعفەری و یاسین کەریمی\"، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو چوار لاوە کوردە، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کارتیزماتیکی گەلی کورد، لە شاری سنە و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.