دەسبەسەرکردنی سێ چالاکی مەدەنی لە سنەدا

14:07 - 3 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کە ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژینـ\"ن، بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسی ئەوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، هەواڵی دەسبەسەرکردنی ئەم سێ ئەندامەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەئید کردووە و دەسبەسەرکردنیانی مەحکووم کردووە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم سێ چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.