دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی شنۆیی

15:21 - 30 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"جەماڵ مووسەوی\" و \"عوسمان حوسێنی\"، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتنگەی ئیتلاعات ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە شوێنی کارەکەیان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراون.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"عوسمان حەسەنی\" ، \"حەسەن مووسەوی\"، خەڵکی شاری شنۆ و \"عەلی ئیسماعیلی\"، خەڵکی گوندی \"جاشێران\"، سەر بە ساری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەشیان، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.