دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی پیرانشاری بە دەستی ئیتلاعاتی سپا

21:08 - 21 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"قادر محەممەدپووری\" تەمەن ٢٨ ساڵ و \"عیزەت مەحموودی\" تەمەن ٣٩ ساڵ خەلکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سپاوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قادر محەممەدپووری، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و عیزەت مەحموودی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتوویەتی: قادر محەممەد پووری دوای کۆتایی پێهاتنی لێپێچینەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باسی لەوەش کردووە: لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی عیزەت مەحموودی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەری ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.