دەسبەسەرکردنی دوو لاوی کورد لە سنە و کامیاران

22:04 - 5 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کورد خەڵکی شارەکانی سنە و کامیاران پاش دەسبەسەرکردنیان ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیتلاعات، لاوێکی کورد بە ناوی \"شێرکۆ جەمشیدی\" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"سەرهۆیە\" سەر بە ناوچەی ژاوەڕووی سنەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

هێزەکانی ئیتلاعات ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییه.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی \"پەیمان محەممەدی\" تەمەن ٢٧ ساڵە خەڵکی گوندی \"ئەڵک\" سەر بە شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا ئەو لاوە کوردە کەوتووەتە بەر لێدان و بێ‌حۆرمەتیی هێزە ئیتلاعاتییەکان.

ئەو لاوە کوردە پاش دەسبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییه.

وێنە: شێرکۆ جەمشیدی و پەیمان محەممەدی