دەسبەسەرکرانی سێ ئەندامی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆی شاری سەقز

20:18 - 19 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی \"هەڵۆ\"ی شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ١٧ و ١٨ی پووشپەڕدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، سێ کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی \"هەڵۆ\"ی شاری سەقزیان بە ناوەکانی \"فایەق یووسفی، بەهمەن گوڵاڵی و هادی محەممەدزادە\"، دەسبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆی سەقزیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە، دەستیان بە پشکنینی ماڵی ناوبراوان کردووە و هەروەها هەندێک کەرەستەی شەخسییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، \"فایەق یووسفی، بەهمەن گوڵاڵی و هادی محەممەدزادە\"، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزدا ڕاگیراون.