دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردییەکان\" لە سنە

20:03 - 23 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، رۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەحەمەد سەلیمی\" تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی جەلال، لە بەخشی سیروان سەر بە شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکردندا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کەوتووەتە بەر لێدان.

ئەو سەرچاوە گوتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.