دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە مەریوان بەردەوامە

20:50 - 7 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"پەیام شەوقی\" کوڕی ئیسحاق خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناوچەی \"خاو و میرئاوا\" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە هۆی بەشداری چالاکانە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەسبەسەر کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خاکەلێوە، لاوێکی خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان بە ناوی \"عادڵ نیکخاه\" ٢٣ ساڵە کوڕی عومەر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٥ی خاکەلێوە، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی \"ئەرسەلان نیکخا\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوری عارف و \"ئارش نەوزەری\" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی فایەق خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"ی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەستبەسەر کران.