دەسبەسەر کردنی مامۆستایەکی کورد بە هۆی ڕەخنە گرتن لە کوشتنی کۆڵبەران

02:32 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریری کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی، پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی \"تەرخان ئاوا\"ی بانە لەلایەن ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی بانە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کورده لە نوێژی رۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران نارەزایەتی دەربڕیبوو و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران لەم بارەوە گرتبوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: پێشتر مامۆستا عەبدولباقی بە هۆی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران لە پێشنوێژیی مزگەوتی تەرخان ئاوا وەلا نرابوو.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو مامۆستا کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بانە دایە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییه.