دەزگای قەزایی داوای بارمتەی قورسی بۆ ئازاد کردنی دوو زیندانی کورد کرد

14:26 - 18 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، داوای بارمتەی قورسی بۆ ئازاد کردنی کاتی دوو زیندانی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بۆ ئازاد کردنی کاتی دوو زیندانی کورد خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوەکانی \"جەماڵ یوسفی\" خەڵکی گوندی \"موشیرئاوا\" و حەسێن ئیبراهیم حەمزە\" کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\"ی شاری بۆکان، داوای بارمتەی قورسی کرد.

ئەو دوو زیندانییە کوردە، سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، بۆ لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی شاری بۆکان، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراون و دواتر بۆ زیندانی شاری مەهاباد، ڕاگوێزاون.

ئەم دوو زیندانییە کوردە، ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوونه.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.