دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوكمی ئیعدامی مێرمنداڵێكی تەمەن ژێر 18 ساڵی پەسند كرد

14:45 - 27 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: دادوەری لقی شەشی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوكمی ئیعدامی مێرمنداڵێكی شاری گیلانی پەسند كرد.

شایان ئومێدی مێرمنداڵی تەمەن ژێر 18 ساڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە بە تاوانی كوشتنی ئەندامانی بنەماڵەیەك لە شاری گیلان حوكمی ئیعدامی پێدراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، شایان هاوڕێ‌ لەگەڵ كەسێكی دیكە بە ناوی سەجاد بە مەبەستی دزی كردن دەچنە ماڵێك لە شاری گیلان و ئەنجامدا فەرزاد ئومێدی، ساربە داداشزادە و پرهام ئومێدی دەكوژن و بڕە پارەیەك لەگەڵ خویان دەبەن.

فەرزاد ئومێدی (كەسی كوژراو) كە پیشەی بازرگان بووە، مامی شایان ئومێدی (قاتل)ە.

شایان ئومێدی لە كاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا( رەزبەری ساڵی 1389) تەمەنی 16 ساڵ بووە.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران یەك لەو وڵاتانەیە كە حوكمی ئیعدامی كەسانی ژێر 18 ساڵ پەسند دەكات و بەڕێوەیان دەبات.

بەپێی مادەی 37‎ی كوانسیۆنی مافی منداڵان، هیچ منداڵێك نابێ‌ ئەشكەنجە یان بخرێتە ژێر گوشاری رۆحی و رەوانیەوە و هەروەها لەو مادەیەدا هاتووە، سزای ئیعدام یان زیندانی هەتاهەتایی نابێ‌ لەسەر مێرمنداڵان بەڕێوە بچێت.

حكوومەتی ئیسلامیی تاران یەكێك لە ئەندامانی رێكخراوی نێودەوڵەتیی پشتێوانی لە مافی منداڵانە.