دۆسیەی هاووڵاتییەکی بۆکانی لە دادگای ئینقلابی ورمێ لە حاڵی تاوتوێکردن دایە

14:15 - 23 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە چاوەڕوانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لە لقی ٦ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید مستەفا مستەفەوی\" خەڵکی شاری بۆکان، پاش ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانیدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، ڕەوانە زیندانی ناوەندی ئەو شارە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم زیندانییە کوردە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، بۆ بەندی ٣_٤ی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لقی ٦ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ لە حاڵی تاوتوێکردن دایە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ١٥ی سەرماوەزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، لە شاری بۆکان دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراوە.