دۆسیەی سێ هاووڵاتی مەریوانی لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت

15:24 - 18 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی سێ هاووڵاتی کورد خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی سێ هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین، \"وریا فەرەجی\" تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا و \"هوشیار کەسەرایی\" تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی ڕەشید، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون، بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە ئەگەری زۆرەوە، کەمتر لە دوو حەوتووی داهاتوو، حوکمی کۆتایی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە دەدرێت.

بەپێی حوکمی بڕاوە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، بڕیارە کاوە تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، وریا فەرەجی تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هوشیار کەسرایی، تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی ڕەشید بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان، مەحکووم کراون.

دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" مەحکووم کردووە.