دۆسیە سازی قەزایی بۆ مامۆستایەکی کورد لە شاری ورمێ

14:18 - 16 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ٥ی دادسەرای گشتیی شاری ورمێ دۆسیەیەکی قەزایی، بۆ مامۆستایەکی کورد، سازکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ ڕەشەممە، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"پەیمان نەقشبەندی\" پاش سازکردنی دۆسیەیەکی قەزایی بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" ، لە لقی ٥ی دادسەرای گشتیی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تەمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، لەگوندی \"ڕەشکان\"ی شاری ورمێ خەریکی خوێندن بە منداڵان بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممە، پەیمان نەقشبەندی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و خوێندنی شێعری سیاسی لە پۆلی خوێندن\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممە، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"پەیمان نەقشبەندی\" پاش تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوێزرایەوە.