دۆزینەوە و فرۆشتنی مین بۆ بژیوی ژیان دوو هاووڵاتی کردە قوربانی

15:56 - 2 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان، ڕوویان لە کۆکردنەوەیی مینە بە جێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کردووە و بەو هۆیەوە دوو هاووڵاتیی بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، دوو لاوی کورد لە سنووری شاری مێهران، لە کاتی کۆکردنەوەی مینە بەجێماوەکان و دەرهێنانی چاشنیەکانیان بۆ فرۆشتن و دابین کردنی بژیوی ژیانیان، مینێکی بەجێماو بە ڕوویان دا دەتەقێنتەوە و گیانیان لە دەست دا.

هەرچەند شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام نێونجی تەمەنیان لە نیوان ١٨ هەتا ٣٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی هەڵکەندنی زەوییە بە مین چێندراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، پاشماوەی شەڕ وەک گوللە، تێڵدرۆ و چاشنی مینە بێکەڵکەکان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن.

ئەو پاشماوە و کەرەستانە پاش گیان لە دەستی دانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە ناو تەلیسێکدا و لە تەنیشتیاندا، دۆزراوتەوە.

لە کاتی دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە ٤ دانە گوللە و هێندێک پاشماوەی جەنگیش دۆزرابوونەوە.

کۆکردنەوەی پاشماوەی شەڕ یەکێک لە کارە تایبەتییەکانی هاووڵاتییانی دەستکورتی ناوچەکانی سنووری ئێران و عێراقە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە بە هۆی تەقینەوەی مین و باز کردنی چاشنی گیانیان لە دەستداوە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانی شەڕ لە شاری دێهلوڕان هەتا یەک کێلۆمێتری چووبوونە نێو خاکی عێراق.

دۆزینەوەی ئەم پاشماوە مەترسیدارانەی شەڕی ٨ ساڵە لە کاتێکدایە کە چالاکانی مەدەنی ناوچە بەردەوام هۆشدارییان داوە کە بوونی ئەم کەرەستانە جێگەی مەترسی گیانیە بۆ هاووڵاتییان؛ وەک لە ڕابردووشدا بینراوە چەندین هاووڵاتی بەم هۆیەوە یان کەم ئەندام بوون یان گیانیان لە دەستداوە.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەستە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.