دۆخی نالەباری دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی سمنان و شاهروود

15:04 - 30 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانەکانی سمنان و شاهروود، لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"دیاکۆ ڕەحمانی نەسەب و محەممەد نوورانیزادە\"، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانەکانی سمنان و شاهروود، لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و ڕۆحیدا بەسەر دەبەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاندووە: ئەم دوو زیندانییە سیاسییە، بەردەوام لەژێر چاوەدێریی حفازەت ئیتلاعاتی زینداندان.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دیاکۆ ڕەحمانی نەسەب و محەممەد نوورانیزادە، لەو کاتەوە کە دەسبەسەر کراون هەتا ئێستە، تەنیا یەکجار ئەویش بە بارمتەی قورس توانیویانە مورخەسی وەر بگرن.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە، ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٩٦دا لە لقی یەکی دادگای نیزامیی ورمێ دادگایی کراون.

دیاکۆ ڕەحمانی نەسەب، کوڕی حەسەن، لەدایکبووی ١٣٦٢، \"بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\"، بە شەش ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ سمنان مەحکووم کراوە.

هەروەها محەممەد نوورانیزادە، کوڕی ڕەحیم، لەدایکبووی ١٣٤٢، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومتی ئێران\"، بە شەش ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ شاهروود مەحکووم کراوە.