دۆخی جەستەیی و ڕۆحی لاویکی بەندکراوی کورد ناجێگیرە

14:49 - 7 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بەندکراوێکی کورد پاش ١٦ مانگ ڕاگیران لە زیندان کەوتووەتە دۆخێکی ناجێگیر و لەباری جەستەیی و ڕۆحییەوە مەترسی لەسەرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئێقباڵ زارعی‌راد، هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٥دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا هەنووکە لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

بەپێی ئەم هەواڵە ناوبراو کە لەو کاتەدا بە تۆمەتی ئەندامەتیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ٩٥، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپا.

هەنووکە ئەم لاوە کوردە ماوەی حوکمەکەی تێدەپەڕێنێت و سەرباری تێپەڕبوونی ١٦ مانگ لە زیندانی بوون لە هەموو مافێکی زیندانی لەوانەش کەڵک‌وەرگرتن لە مافی مۆرەخەسی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو دۆخی جەستەیی و ڕۆحی ناوبراو ناجێگیرە و مەترسی لەسەرە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ، عاسیمە جەهانگیر لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی زیندانییان لە ئێران دەربڕیبوو و گوتبووی: \'\'بێبەشکردنی زیندانیان لە مافی پێوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پزیشک پێویستە و پێچەوانەکەی لادان لە یاسا نێودەوڵەتییەکانە\".