دوکتورایەکی کۆمەڵناسی لە شاری سنە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:32 - 1 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵناسێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی گوشاری ڕۆحی و بێکاری، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، دوکتور \"شوان کەریمی\"، کوڕی عێزەتوڵڵا، دانیشتووی گەڕەکی ئاغە زەمانی شاری سنە، خاوەنی دوکتورای کۆمەڵناسی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو کۆمەڵناسە کوردە، بە هۆی بێکاری خۆی کوشتووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.\"

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم کۆمەڵناسە کوردە، لەگەڵ باوک و دایکی ژیانی بەسەر دەبرد و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە شێوەیەکی گشتی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی خۆکوژی لەنێو خوێندکارانی پلەی باڵای کۆمەڵگادا، دەگەڕێتەوە بۆ: قەیرانی شوناس لە خوێندکارانی باڵادا، بێکاری، خەمۆکی، کێشەی سۆزداری، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و هەتا دوایی.