دوکتورایەکی فەلسەفە لە شاری مەریوان: ئامادە نیم لە شێوازی پۆپۆلیستی و هەژارانەدا باسی داواکارییەکانم بکەم

15:23 - 23 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: بڵاوبوونەوەی وێنەی دەرچوویەکی قۆناغی دوکتواری فەلسەفە، لە شاری مەریوان، بە جلوبەرگی کرێکارییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دژکردەوەی ناوبراوی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەبدوڵڵا ئەمینی، دەرچووی قۆناغی دوکتورای فەلسەفە، لە شاری مەریوان، ڕەخنەی لە بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی خۆی بە جلوبەرگی کرێکارییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکان گرت.

\"\"عەبدوڵڵا لە نامەیەکدا، ڕوو لە بیروڕای گشتی ڕایگەیاندووە: بارودۆخی نالەباری بێکاریی هەڵکەوتەکان و خوێندکاران، کارێکی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ئەم کارە نابێت ببێتە هۆی بیانوویەک بۆ چوونە ناو بیاڤی تایبەتیی کەسەکان و لەو کەسانە پەیژەیەک دروست بکرێت بۆ بەروەپێشبردنی ئامانجە تاکەکەسییەکان.

ئەمینی پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە، کە هەر چەند لە ساڵانی پێشوودا، چەندین جار لە شوێنە فەرمییەکان بۆ دامەزران لە زانکۆوەکان و ئیدارەکان هەوڵم داوە و بێئاکام بووە، بەڵام هەنووکە ئامادە نیم بە شێوازی پۆپۆلیستی و هەژارانە داواکارییەکانی خۆم بخەمە بەرباس.

ئەو هاووڵاتییە مەریوانییە، قوناغی لیسانس، کارناسی و دوکتواری بەبێ هیچ پشکێکی دەوڵەتی بە پلەی زۆر باش تێپەڕاندووە و خاوەنی زیاتر لە ١٠کتێب و سەدان وتاری لێکۆڵینەوەیە و بە هۆی دانەمەزراندنی خەریکی کاری ورزێڕی و کرێکارییە.

چەند ڕۆژ پێش، بڵاوبوونەوەی وێنەی عەبدوڵڵا ئەمینی بە جلوبەرگی کرێکارییەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دژکردەوەی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتەوە.