دوکتور هاشمی: فەوتانی کانیاوی \"بڵ\" لەئوستانی کرماشان خەساری سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەدواوە دەبێت

13:22 - 23 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەڕاستی زستانی ساڵی رابردوو رێکخراوی میللی \"هەوانەوردی و فەزایی\" ئەمریکا باسی لە کەمبوونەوەی ١٤٤ کیلۆمیتری سێ‌‌جا پاشکەوتەکانی ئاوی شیرینی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریەی کرد و لەو نێوەشدا ئاوی کانیاوی \"بڵ\"‌یش لە شاری نۆدشە لەو کێشەیە بێبەری نەبووە.

لێدانی بەنداو لەئێران بەمەبەستی دابین کردنی ئاوی خواردنەوە، وەرزێڕی و پیشەیی، بەشێوەی زانستی رەخنەی لەسەرە و کارناسان لەو باوەڕەدان خەسارەکانی دروست کردنی بەنداو لە قازانجەکانی زیاترە و بەنداوی \"داریان\" لە چۆمی سیراوان لە ١٠ کیلۆمیتری شاری نۆدشە لەئوستانی کرماشان یەک لەو بەنداوانەیە کە خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بە دوای خۆیدا هێنا و بەو هۆیەوە زۆربەی کانیاوەکانیش بۆ وێنە \"بڵ\" مەترسیی لەناو چوونیان لەسەرە.

\"17800.jpg\"
لەو بارەیەوە د. موختار هاشمی بەرپرسی گرووپی \" فریا کەوتن\"‌ی کانی بڵ لە وتووێژێکدا پرژایە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی هەوڵەکانیان و هەروەها مەترسیی لەناو چوونی کانییەکە.

دوکتور هاشمی سەرەتا باسی لەگرینگی \"کانی بڵ\" کرد و وتی: ئەو کانیاوە یەک لەو هەزاران کانیاوەیە کە زاگرۆس بە ئێمەی بەخشییەوە و ئەوەی‌کە ئەو کانییە لە کانیاوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئاوی زۆر و بەرفراوانییەتی و ساڵانە نزیک بە ١٥٠ میلیۆن میتری سێ‌جا بە واتایەکی دیکە لە هەر چرکەدا چوارهەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش پێویستی بە پاڵاوتن نیە و خاوێنە و کانی بڵ توانای ئەوەی هەیە ئاوی خواردنەوەی ٢ میلیۆن کەس دابین بکات.

ئەو کارناسە ئەوەشی خستە ڕوو، کانیاوی بڵ لەنزیک ئاوایی هەجیج و مەقبەرەی ئیمامزادە عەبیدوڵڵا (ناسراو بە کۆسەی هەجیج) هەڵکەوتووە و خەڵکی ئەو ئاوە بە مەبەستی \"شیفا\"‌ش بەکار دێنن، هەر بۆیە ئەو ئاوە بۆ خەڵکی کوردستان لایەنی ئاینییی و دینیشی پێوە دیارە و هەروەها لە بواری ئابووریشەوە بۆ خەڵکی و ناوچەکە گرینگە.

\"17801.jpg\"
دوکتور سەید موختار هاشمی خاوەنی بڕوانامەی \"دوکتورای عومران\" ـ مودیرییەتی سەرچاوە ئاواییەکان
هاشمی لەدرێژەی لێداونەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا وتیشی: دروست کردنی بەنداوی داریان لە هەورامانات هەڕەشەی فەوتان لەو کانی بڵ دەکات و ساڵی ١٣٨٩ گرووپێک بە مەبەستی رزگار کردن و پاراستنی ئەو سامانە نەتەوەیە پێک هات.

دوکتور موختار ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا زۆر پێشنیار و هەوڵ بۆ رزگار کردنی ئەو کانیاوە دراوە، بەڵام دوایین راپۆرت لەوپێوەندییەدا کە لە پووشپەڕی ١٣٩٢دا بڵاو کرایەوە، باس لەهێندێ‌رێکار دەکان کە بەشێوەی کردەیی مەرگی کانیاوەکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لەراستیدا بە بڕوای من ئەو رێکارە وڵامدەر نابێت. پێویستە بۆ رزگار کردنی کانیاوی بڵ تیمێکی پسپۆڕ لەبوارەکانی زەوی ناسی و ئاو پێک بهێنرێت و پلانە پێشنیارکراوەکان هەڵبسەنگێنێ‌.

هاشمی لەو باوەڕەدایە، یەکەم هەنگاو بۆ رزگار کردنی کانیاوی بڵ گۆڕانکاری لە دروست کردن و پلانی بەنداوی داریان دایە و بە دڵنیاییەو بایەخی ئەو سامانە نەتەوەی ـ سروشتییە زۆر زیاتر لە تێچووی مادی بەنداوەکەیە و لەناوچوونیشی خەساری سیاسی ـ کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

\"17802.jpg\"
کانی بڵ
دکتور موختار لەبارەی شێوازی کاری گرووپەکە و پشتیوانی کردنی وتی: کانی بڵ سامانێکی نەتەوەییە و هاووڵاتیی کورد و غەیری کورد ناناسێ‌و من بۆ تاڵاوەکانی گاوخانی، شادگان ئەهوار و زەریاچەی ورمێ‌زۆر بەداخەم و ئەو روانینەشم بۆ کانی بڵ هەیە، لەڕاستیدا \"اکوسیستم\"‌ـەکانی سروشتی زەنجیروار و نەپساوەن و هەر کامەیان کارێگەرییان لە سەر سروشتی ناوچەکە هەیە، لەپێوەندی پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان پێویستە جیهانی بیر بکەینەوە و لە چوارچێوەیەکی بەرتەستی جوغرافیایی بێنە دەر.

دوکتور سەید موختار هاشمی خاوەنی بڕوانامەی \"دوکتورای عومران\" ـ مودیرییەتی سەرچاوە ئاواییەکانی زانکۆی \"نیوکاسل\"‌ی بریتانیایە.

دوکتور هاشمی بێجگە لە مامۆستایەتی لە زانکۆی کوردستان، خاوەنی چەندین کتێبیش لە بوارەکانی ئاو و مودیرییەتی سەرچاوە سروشتییەکانە.