دووکاندارانی شارەکی زێوە، هەڕەشەی دۆسیەسازییان لێکرا

21:18 - 16 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دووکاندارانی شارەکی زێوەی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ، لە لایەن ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتەوە لە ژێر گوشاردان، کە دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت، ٤٠٠ دووکانداریان، لە شارەکی زێوەی ناوچەی مەرگەوەڕ، خستووەتە ژێر گوشارەوە، هەتا دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە دانیشتووانی شارەکی زێوە، لەو بازاڕەدا کار دەکەن و ماوەیەکە شیرکەتێک بە ناوی \"یەکیەتیی تەعاونیی هاکە\" دامەرزاوە کە ئەو یەکیەتییە خانەنشینکراوانی هێزە چەکدارەکان و باقی ڕێکخراوەکانی حکوومەتی لەخۆوە دەگرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ناوەندە حکوومەتییەکان لە ڕێگای هێزە ئینتزامییەکانەوە و بە دروستکردنی دۆسیەی ساختە، بازاڕییانی شارەکی زێوەیان خستووەتە ژێرگوشارەوە، هەتا دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو کەسانەی کە لەو شارەدا دووکانیان هەیە و کار دەکەن، ئەو دووکانانە بۆ خۆیان دروستیان کردووە و خاوەنی ڕاستەقینەی دووکانەکانن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵیت: بازاڕییانی شارەکی زێوە لە وڵامی هەڕەشەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک دووکانەکانی خۆیان ڕادەستی ئەوان ناکەن و مان دەگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتیی ئەو دووکانانە هەتا ئێستا لە ئەستۆی ئیدارەی کاروباری پەناخوازەکان لە شارەکی زێوە بووە.

شارەکی زێوە، گوندێکە سەر بە بەخشی سیلوانا، کە لە نزیک شاری ورمێ هەڵکەوتووە.