دوو کەس بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری بانە، کەمئەندام بوون

13:56 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بانە، کە لە ئاکامی تەقینەوەی مین، لە لایەن لاقیانەوە بە توندی بریندار ببوون، کەمئەندام بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"کامیار عەبدوڵڵاهی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ و \"سەفەر ڕەحمانی\" تەمەن ٣٥ ساڵ که بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی \"هەنگەژاڵـ\"ـی شاری بانە، لاقیان بریندار بوو، لە قولاپەی لاقیانەوە پەڕیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەقینەوەی مین بووەتە هۆی پەڕینی قولاپەی لاقی چەپی سەفەر ڕەحمانی و هەروەها قولاپەی لاقی ڕاستی کامیار عەبدوڵڵاهی.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، که مینە تەقێندراوەکە لە جۆری مینی دژه نەفەری ژمارە چوار بووه، کە لە نێو درزێکدا بووە.

کارناسێکی پووچەڵکردنەوەی مین سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەم جۆرە مینە، به هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"شکڵی ئەم مینە سێجای لاکێشە، ڕەنگەکەی سەوزی زەیتوونییە و لە پلاستیک دروست کراوە. کێشی گشتیی ئەم مینە ٣٥٠ گرەمە، کێشی مادەی سەرەکیی تەقینەوەکەی ٢٠٠ گرەم و جۆری ماسوورەکەشی گوشارییە و هێزێک کە دەبێتە هۆی تەقینەوەشی ٦ تا ٨ کیلۆگرەمە.\"

ئەم کارناسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کردووە: \"مینی دژه نەفەری ژمارە چوار، دروستکراوی ئێران و ئیسرائیلە و بە گوشارهێنان بۆ سەر پەڕە سەوزەکەی دەتەقێتەوە. نیسبەتی کێشی مادەی تەقینەوەی ئەم مینە بە کێشی بەدەنەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزی تەقینەوەی زۆری هەبێت که دەبێتە هۆی پەڕینی خێرای دەست و لاق\".

به وتەی ئەم کارناسە، \"مینی دژە نەفەری ژمارە چوار به پێداڵی ئیسرائیلی ناسراوە.\"

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٧، کامیار عەبدوڵلاهی و سەفەر ڕەحمانی لە ناوچەی هەنگەژاڵ، سەر بە شاری بانە تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بوون.

ئەم دوو هاووڵلاتییە کوردە کە خەڵکی گوندەکانی عەباساوا و خوریاوا بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری بانەدا، لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.

وێنە: مینی دژەنەفەری ژمارە چوار