دوو کۆڵبەری کورد لە پیرانشاردا بریندار بوون

21:30 - 29 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت، بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ناسر (جەهانبەخش) حوسێنی‌پوور\" و \"موحسێن حوسێنی‌پوور\"، خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت، بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو کۆڵبەرە کە باوک و کوڕن، لە \"سێلوێـ\"ی پیرانشاردا، تەقەیان لێ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: \"ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی پزیشکی سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی چۆمان لە هەرێمی کوردستان نێردراون و دواتر بە هۆی قووڵیی برینەکەیانەوە بۆ نەخۆشخانەی \"ئیمێر جێنسی\" لە هەولێردا نێردراون.\"

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: \"دوو گولـلەی نیزامییان بەر قاچی ناسر و گولـلەیەکیش بەر قاچی کوڕەکەی کەوتووە.\"

ئەم دوو کۆڵبەرە ئێستا لە نەخۆشخانەی \"ئیمێر جێنسیـ\"ی هەولێردا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

\"\"