دوو کۆڵبەری کورد لە هەورامان و سەردەشت بریندار بوون

14:04 - 5 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لە دوو ڕووداوی جیاوازدا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەحیم مەردانی\" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی \"دانکێش\" سەر بە بەخشی کەڵاتەرزانی سنە بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی \"تەتە\" لە هەورامان بە تۆندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە پاش ئەم ڕووداوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان ڕاگوێزراوە.

\"\"ڕەحیم مەردانی
لە لایەکی دیکەشەوە، چەند ڕۆژ لەمەو پێش، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سۆران محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی ڕەسوول خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووی سەردەشت کەوتوونەتە کەمینی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ کراوە و دۆخی تەندروستی ناوبراو جێگیر ڕاگەیەندراوە.

کۆڵبەر چەمکێکە، که بۆ کەسانێک بەکار دەبردرێت که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری کۆڵبردن و گواستنەوەی بارن.

ئەم چینە زەحمەتکێشە لەبەر هەژاری و نەداری ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ڕوو لە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن.

کۆڵبەران لە هەژارترین چینی کوردستان به ئەژمار دێن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەکەونە بەر هەڕەشەی سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانیش.