دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری بانە گیانیان لە دەست دا

16:06 - 9 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و بانە بە هۆی سەرمابردوویی لە سنووری شاری بانه گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان \"سامان ساڵحی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گەڕەکی \"قەوەخ\"ـی سەقز و \"محەممەد کەریمی\" خەڵكی گوندی \"شوێ\" سەر بە شاری بانه لە چیاکانی دەورووبەری گوندی \"بروێشکانی\" سەر بە بەخشی \"نەنۆر\" بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست دا.

تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە و بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو کۆڵبەرە کورد لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی تووشی ئەو ڕووداوە بوونه.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کۆڵبەرێکی دیکە کە لەم ڕووداوەدا بریندار بووە دۆخی جەستەیی ناجێگێرە و لە نەخۆشخانەی شاری بانه خەوێندراوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"عەباس قادرزادە\" به هۆی ئەم ڕووداوەوە بێسەروشوێن بووە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییه.

لە دەسپێکی وەرزی سەرما هەتا ئیستا ٧ کۆڵبەری کورد لە بەرزاییەکانی سنوورەکانی کوردستان بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست داوە.

وێنە: محەممەد کەریمی