دوو کچە کوردی ئێرانی خەڵاتی فێستیڤاڵی گەڵاویژیان بەدەستهێنا

14:11 - 5 سەرماوەز 2711
كوردپا: پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام پازدەیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی كۆتایی بەكارەكانی هێنا و كچە خوێندكارێكی خەڵكی كامیاران توانی خەڵاتی یەكەمی بواری لێكۆڵینەوە بۆ خۆی دەستەبەر بكات و کچە شاعێرێکی خەڵی سنەش خەڵاتی دووهەمی شێعری بەدەست هێنا.
گوڵاڵە كەمانگەر ماستەری زمان و ئەدەبی فارسی و خەڵكی كامیاران بە لێكۆڵینەوەیەك لەژێر ناوی\"مێژوویەك بەستراوەیی و شوناسی سەربەخۆ( لێكۆڵینەوەی دەروونناسانە)\" لەسەر رۆمانی \"ژنێك بەسەر مناراەوە\"ی شێرزاد حەسەن كەلە رەهەندێكی رەخنەگرانەوە ئەو رۆمانەی شی كردبۆوە توانی خەڵاتی یەكەمی بواری لێكۆڵینەوەی فێستیڤاڵ بەدەست بهێنێت.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە وتووێژێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گوڵاڵە كەمانگەر بە واداچوونی لەم بارەوە كرد و ناوبراویش وتی: لە بەشی لێكۆڵینەوەی پازدەیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و رووناكبیریی گەلاوێژدا چەندین لێكۆڵینەوەی دیكەشی تێدا خوێندرایە و سەرەنجام لێكۆڵینەوەكەی من كەلە سەر بەرهەمێكی شێرزاد حەسەن چیرۆكنووسی كورد بوو، توانی خەڵاتی یەكەم دەستبەبەر بكات و كەوتە بەر دیدی بەشداربوانی فێستیڤاڵ.
فاتمە فەرهادی کچە شاعێری خەلکی سنە کە بە دەقە شێعرێک بەشداری فیستیڤاڵی کردبوو توانی بە هاوبەشیی ئازاد بەهین لە هەرێمی كوردستان خەڵاتی دووهەمی شێعر دەستەبەر بکات.
جیا لە خەڵاتەكانی بواری پێشبڕكێی فێستیڤاڵ (شێعر، چیرۆك و لێكۆڵینەوە) چەندین نووسەر كورد،، تورك، عەرەب و ئورووپایی، خەڵاتی تایبەت كران و خەڵاتی \"هەردی بۆ داهێنان\"ی ئەمساڵی فێتسیڤاڵ درا بە نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی.

پازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ رێزلینان لە قوربانیانی بۆ مەلەزەكەی كوردستان توركیە بە ناوی \"خولی وان\"ەوە ناودێر كرا.

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا كۆمەڵێكی بەرچاو لە نووسەرانی تورك، عەرەب، و ئورووپایی و ئێرانی و بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆ فێستیڤاڵ بانگهێشت كرابوون، هەموویان ئامادە بوون و تەنیا ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیزنیان نەدا نووسەرانی ئێرانی و كوردستانی ئێران بەشداری فێستیڤاڵ بن.

فێسیتڤاڵی گەڵاوێژ لە ساڵی 1996ەوە لە شاری سلێمانی لەلایەن بنكەی ئەدەبی و رووناكبیریی گەڵاوێژەوە دەستی پێكردووە، بنكەی ئەدەبیی گەڵاوێژ جیا لەم فێستیڤاڵە، گۆڤاری ئەدەبیی \"گەلاوێژی نوێ‌\"یش چاپ و بڵاو دەكاتەوە.