دوو کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانیان لە دەست دا

15:50 - 11 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ، دوو کاسبکاری کورد، خەڵکی گەڕەکی \"ئەمیرئاباد\"ی شاری شنۆ بە ناوەکانی \"نێعمەت سەعادت‌\" و \"ڕەئووف خالیدنژاد\"، لە ماشینەکەی خۆیاندا بوون و کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و پاش وەرگەڕانی ماشینەکەیان، دەسبەجێ گیانیان لە دەست داوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، تەقەیان لەو دوو کاسبکارە کوردە، کردووە.

ئەم دوو کاسبکارە شنۆییە، لە شوێنێک بە ناوی \"چڵ ئاشان\" لە نزێک پارکی \"قەڵاتووک\"، تووشی ئەو ڕووداوە، ببوون.

تەرمی ئەم دوو کاسبکارە کوردە، بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە، ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

نێعمەت سەعادت‌ و ڕەئووف خالیدنژاد، کە پێشتر بە تۆمەتی \"هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ\" بە زیندان مەحکووم کرابوو و لە زیندانی \"باز\"دابوون.

ئەو دوو کاسبکارە کوردە، خێزاندارن و ڕەئووف خالیدنژاد خاوەنی کوڕ و کچێکە و هەروەها خێزانی دووگیانە.