دوو ژن لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ئێعدام کران

16:57 - 1 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی دوو ژن لە لایەن زیندانی ناوەندیی شاری ورمێوە بەڕێوەچوو.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی گەلاوێژ، دوو ژن بە ناوەکانی \"نازدار وەتەن‌خا\" و \"ئاراستە ڕەنجبەر\"، بە تۆمەتی \"کوشتن\"، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا، لە سێدارە دران.

ئەم دوو زیندانییە کوردە، ڕۆژی ڕابروو، بۆ بەڕێوەچوونی حوکەمەکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

ماڵپەڕی \"هێرانا\" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە: \"بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو ژنە زیندانییە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە پێشتر بۆ ماوەی یەک مانگ مۆڵەتیان پێدرابوو کە لەو ماوەیەدا، ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بهێنن\".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەداخەوە ئەم دوو زیندانییە لە کاتی دیاریکراودا، لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە سەرکەوتوو نەبوون و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

\"ئاراستە ڕەنجبەر\"، ١٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی \"کوشتی هاوژینەکەی\" و \"نازدار وەتەن‌خا\" بە تۆمەتی \"بەشداریکردن لە ئەو کوشتنە\"دا، لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون و لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵەدا، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێدا بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسێدارەدانی ئەم دوو ژنە زیندانییە لە لایەن میدیا فەرمییە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە، ڕانەگەیەندراوە.