دوو چالاکی کرێکاری لە کرماشان و سنە دەسبەسەر کران

13:18 - 4 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شارەکانی کرماشان و سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢ی خاکەلێوە، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"قودرەتوڵڵا جەلالوەند\" خەڵکی شاری کرماشان لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوە، چالاکێکی کۆمەڵایەتی و کرێکاری لە شاری سنە بە ناوی \"ڕەزا ئەمجەدی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنكی نادیار ڕاگوێزراوە.

ڕەزا ئەمجەدی، چالاکی کرێکاری و دانیشتووی گوندی \"حەسەن ئاوا\"ی شاری سنەیە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە و شوێنی ڕاگرتنیان، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.